ریزبەندییەکی نوێ: پاسپۆرتی عێراق خراپترین پاسپۆرتی جیهانە

بەپێی ریزبەندییەکی نوێ، پاسپۆرتی عێراق خراپترین پاسپۆرتی جیهانە و کەوتووەتە دوای پاسپۆرتی یەمەن، سۆماڵ، سووریا و ئەفغانستان. ریزبەندییەکە لە ماڵپەڕی (Passport Index) بڵاو کراوەتەوە و تێیدا ریزبەندیی بۆ پاسپۆرتی وڵاتانی جیهان بۆ ساڵی 2020 کراوە. ریزبەندییەکە لەسەر چەند بنەمایەکی وەک ژمارەی ئەو وڵاتانەی بەبێ ڤیزا رێگا بە چوونی هەڵگری پاسپۆرتەکان بۆ ناو خاکی وڵاتەکەیان دەدەن، رێک خراوە. پاسپۆرتی بەلجیکا پلەی یەکەمی جیهانی بەدەست هێناوە و هەڵگری ئەو پاسپۆرتە دەتوانێ بەبێ وەرگرتنی ڤیزا، سەردانی 92 وڵات بکات. پاسپۆرتی وڵاتانی فەرەنسا، ئەڵمانیا، فینلاند و نەمسا یەک بە دوای یەک بەدوای پاسپۆرتی بەلجیکاوە دێن. پاسپۆرتی عێراق پلەی 70ـی وەرگرتووە، کە کۆتا پلەی ریزبەندییەکەیە و کەوتووە دوای پاسپۆرتی وڵاتانی یەمەن، سۆماڵ، سووریا و ئەفغانستان. هەروەک لە ریزبەندییەکەدا دەردەکەوێ، هەڵگری پاسپۆرتی عێراقی دەتوانێ بەبێ وەرگرتنی ڤیزا سەردانی چوار وڵات بکات و لە 24 وڵاتیش لە فڕۆکەخانە ڤیزا وەردەگرێ و بۆ گەشتکردنیشی بۆ 170 وڵاتی دیکە، پێویستە ڤیزا لە باڵوێزخانەی ئەو وڵاتە وەربگرێت.