قەزایەك و سێ گەڕەكی کەرکووک بێ ئاو دەبن

بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی كەركووك ڕای گەیاند، بەهۆی شكانی بۆڕیی سەرەكی ئازی خواردنەوەی قەزای دووبزی سەر بە پارێزگای كەركووك، ئاوی قەزاكە و سێ گەڕەكی كەركووك بڕاوە و تیمەكانیان ئێستا سەر قاڵی چاکكردنەوەی ئەو بۆڕیەن. هیشام ئیبراهیم، بەرپرسی بەشی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی كەركووك، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “لە ئەمڕۆ سێشەممە 18/8/2020ەوە ئاوی قەزای دووبز و گەڕەكەكانی كوردستان (فەیلەق) و عەمەل شەعبی و بەدری ناو شاری كەركووك بڕاوە”. روونیشی كردەوە: “هۆكاری بڕینی ئاو لەو شوێنانە، بۆ چاکكردنی بۆڕیی سەرەكیی گەیاندنی ئاوی خواردنەوە لە قەزای دووبز دەگەڕێتەوە كە شكاوە و ئاوی ئەو سێ گەڕەكەی كەركووكیش لە هێڵی دووبزەوە دێت”. لەبارەی ئەوەی كەی ئەو بۆڕییە سەرەكییە چاك دەكرێتەوە، بەرپرسی بەشی راگەیاندنی فەرمانگەی ئاوی كەركووك گوتی: “كارمەندانمان ئێستا سەرقاڵی چاکكردنی ئەو بۆڕیە سەرەكییەن كە لە پرۆژەی ئاوی دووبزە و بە زووترین كات ئەو بۆڕیە (600 ملم)ە چاك دەكەنەوە”.