ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان ڕای گەیاند، عەلوەکان لە شار و شارۆچکەکان کۆمەڵێک گرفتیان ھەیە و دەمانەوێت لەڕێگەی پڕۆژە یاسایەکی تایبەتەوە ڕێکیان بخەینەوە و گرفتەکانیان چارەسەر بکەین. یاسین خدر، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “عەلوەکان کۆمەڵێک گرفتی وەک جیاوازی وەرگرتنی حمولە و خزمەتگوزاری و خراپیی بەروبوومی فرۆشراویان ھەیە و پێویستیان بە چارەسەرکردنە، چونکە ڕاستەوخۆ زیانی بۆ ھاووڵاتییان و جووتیاران ھەیە”. یاسین خدر کە ئەندامی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێرییە لە پەرلەمانی کوردستانە، گوتیشی: “بەدەر لەوەش زۆر جار هەوڵ دەدرێت کێشەی عەلوەکان چارەسەر بکرێت، بەڵام لە نێوان شارەوانی و وەزارەتی کشتوکاڵ و بازرگانیدا کێشەکە دەمێنێتەوە و نازانرێت پەیویەندیی بە کامیانەوە ھەیە، ھاوکات ساڵانە کە وەزارەتی کشتوکاڵ بەھۆی پێگەیشتی بەروبومی جووتیارانەوە ھاوردەکردنی ھەندێ جۆر سەوزە و میوە قەدەغە دەکات، بەڵام دەبیندرێت لە عەلوەکان ئەو بەروبومە ھەیە و دەفرۆشرێت”. ئەو ئەندامەی پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد: “بۆ چارەسەرکردنی ھەموو ئەو گرفتانە، لیژنەکەیان لە ھەوڵی ئامادەکردنی ڕەشنووسیێکی تایبەت بە عەلوەکانە و، دوای بەستنی کۆڕ وۆرک شوپ و وەرگرتنی ڕای لایەنە پەیوەندیدارەکان و جووتیاران پەسند دەکرێت و دەخرێتە واری جێبەجێکردنەوە کە بەو ھۆیەوە کێشە و گرفتێکی زۆری عەلوەکان چارەسەر دەبێت”.
پەرلەمانتارێک: لەڕێگەی پڕۆژە یاسایەکەوە کاری عەلوەکان ڕێک دەخرێنەوە
