سەرۆک وەزیرانی عێراق بەر لە سەردانەکەی بۆ ئەمریکا، رایدەگەیەنێت، کە حکوومەتەکەی پۆستەچیی هیچ لایەنێک نییە. بەپێی هەواڵی میدیا عێراقییەکان، مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاندووە، عێراق هێشتا پێویستی بە هاوکاری و هەماهەنگیی سەربازیی ئەمریکا هەیە، کە بەپێی ئاستی مەترسییەکانی تیرۆر گۆڕانکارییان بەسەردا دێت. میدیا عێراقییەکان ئاماژەیان بە چاوپێکەوتنێکی ئاژانسی (ئەسۆشێیتد پرێس) لەگەڵ مستەفا کازمی کردووە، کە تێیدا کازمی لەبارەی دەنگۆی ئەوەی پەیامی ئێران بۆ ئەمریکا دەبات، رایگەیاندووە، ”حکوومەتی عێراق رۆڵی پۆستەچی نابینێت“. سەرۆک وەزیرانی عێراق لەبارەی ئەو کردە تاوانکارییانەی ئێستا لە عێراق روودەدەن، رایگەیاندووە، ئەو کردانە بەرهەمی ”گەندەڵی و سیاسەتە هەڵەکان و ئیدارەدانی خراپ“ی حکوومەتەکانی پێش خۆیەتی. پێشتر میدیا عێراقییەکان بڵاویان کردبووەوە، کە ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی سەردانی بەغدای کردووە و لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبووەتەوە و ”پەیامی نەرم“ی بە کازمی داوە. بڕیارە مستەفا کازمی رۆژی 20-8-2020 بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای عێراق، سەردانی ئەمریکا بکات.