ئوسترالیا پێکوتە بەرهەم دێنێ و بەخۆڕایی بەسەر خەڵکەکەی دابەشی دەکات

  لە پێشکەوتنێکی گرنگدا، کە دەبینین جیهان هێشتا خەریکی تاقیکردنەوەی پێکوتەکانە، رۆژی سێشەممە 18/8/2020، سەرۆک وەزیرانی ئوسترالیا رای گەیاند، وڵاتەکەی بەدڵنیاییەوە دەستی بە پێکوتەی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گەیشتووە و جەختی کردەوە، وڵاتەکەی دروستی دەکا و بەخۆڕایی بەسەر خەڵکەکەی دابەشی دەکات. سکۆت مۆریسۆن، سەرۆک وەزیرانی ئوسترالیا باسى له‌وه‌ش كردووه‌: “ئوسترالیا سەبارەت بەو پێکوتەیەی، کە زانکۆی ئۆکسفۆرد پێشیخستووە، لەگەڵ کۆمەڵی سویدی بەریتانی (ئسترازینکا) گەیشتووەتە رێککەوتن”. بەگوێرەی (فرانس پرێس)، سەرۆک وەزیرانى ئوسترالیا ڕوونیشی کردووەتەوە، پێکوتەکەی زانکۆی ئۆکسفۆرد لە پێکوتە هەرە پێشکەوتووەکانی جیهانە، بەپێی ئەو رێککەوتنە دەتوانن پێشوەختە بۆ تێکڕای خەڵکی ئوسترالیا دەستەبەری بکەن. سكۆت مۆریسۆن ئه‌وه‌شى خستووه‌ته‌ ڕوو: “ئەگەر دەرکەوت ئەو پێکوتەیە کارایە، ئەوا بەبێ یارمەتیی هیچ کەس، یەکسەر دەست بەدروستکردنی دەکەین و بەخۆڕایی بەسەر 25 ملیۆن ئوسترالی دابەشی دەکەین”. پێکوتەی ئۆکسفۆرد یەکێکە لەو پێنج پێکوتانەی ئێستا لە قۆناغی سێیەمی تاقیکردنەوەدایە، توێژەران هیواخوازن لە کۆتایی ساڵ بگەن بە ئەنجام. ئەمە یەکەم رێککەوتنە، کە ئوسترالیا مۆری دەکات. مۆریسۆن ئاشکرای کرد، کە حکوومەتەکەی سەبارەت بە پێکوتە چاوەڕوانکراوەکان گفتوگۆ لەگەڵ چەندین لایەنی دیکە لە سەرانسەری جیهاندا دەکات، لەهەمان کاتدا پاڵپشتیی هەوڵەکانی توێژەرە ناوخۆییەکانی دەکات. بەڵام هێشتا حکوومەت رێککەوتنی کۆتایی لەگەڵ (ئسترازینکا) سەبارەت بە نرخی پێکوتەکە مۆر نەکردووە، هێشتاش هیچ کارخانەیەکی ناوخۆیی دەستنیشان نەکراوە. ئوسترالیا رێککەوتنێکی بە بڕی 25 ملیۆن دۆلاری ئوستورالی (بەرامبەر بە 15.2 ملیۆن یۆرۆ) لەگەڵ کۆمپانیای کەلوپەلە پزیشکییەکانی ئەمەریکی (بیکتۆن دیکسنۆن) مۆر کردووە، بۆ هاوردەکردنی 100 ملۆین دەرزی، بۆ ئەوەی لە پێکوتەکاندا بەکاری بێنێ. تا ئێستا هیچ پێکوتەیەکی دژ بە ڤایرۆسی کۆرنا دوای تاقیکردنەوەی سەر قەرەوێڵە کاراییان نەسەلمێنراوە، بەڵام لە سەرانسەری جیهان بە لایەنی کەمەوە بە کردەیی داوای 5.7 دەرزی کراوە. تاقیکردنەوەی قۆناغی سێیەم لەسەر 5 پێکوتە- سێیان لە وڵاتانی رۆژئاوا و دووانیان لە چیین- لەسەر هەزاران کەس دەکرێ، لەناویشیاندا پێکوتەی ئۆکسفۆرد. (ئسترازینکا) چەندین رێککەوتنی لەگەڵ ئەمریکا و ئەوروپا و بەرازیل کردووە. رێککەوتنەکانیشی لەگەڵ پێکوتەکانی (گافی) جەخت ئەکاتەوە لەسەر دروستکردنی پێکوتەیەک لە ئۆکسفۆرد لەلایەن هیندستان بۆ دابەشکردنی بەسەر 57 وڵاتی هەژار. تێکڕای وەجبەی یەکەمی ئەو پێکوتانە، کە کۆمپانیاکانی رۆژئاوا پێشیدەخەن، ئەمریکا بۆ خۆی داناون. مۆریسۆن جەختیشی کردەوە، کە ئوسترالیا سوورە لەسەر ئەوەی کە وڵاتانی ئۆقیانووسی هێمن و هاوڕێکانیان لە باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا زوو بگەن بەو پێکوتە داهاتووییە.