دوای بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ جێبەجێکردنی چەند پرۆژەیەک لە قەزای زاخۆ، ئەمڕۆ چوارشەممە ژمارەیەک پرۆژەی خزمەتگوزاری لە سنووری قەزای زاخۆ بڕیاریان لەبارەوە دەدرێت و کارەکانیان دەست پێ دەکات. لەمبارەوە عادل عەبدوڵا مستەفا، بەرپرسی بەشی پلاندانان و بەدواداچوون لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی پارێزگای دهۆک بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە 2020.8.19 لە چوارچێوەی پرۆژە خزمەتگوزارییەکاندا 10 پرۆژەی تایبەت لە سنووری قەزای زاخۆ کە گوژمەی سێ ملیار دیناریان بۆ تەرخان کراوە، دەخرێنە واری جێبەجێکردنەوە”. ئاماژەی بەوەش کرد: “لە سەرجەم پارێزگای دهۆک ئێستا 46 پرۆژەی خزمەتگوزاریی جۆراوجۆر بە گوژمەی 11 ملیار دینار جێبەجێ دەکرێن کە 22 لەو پرۆژانە لەسەر بوودجەی تایبەتی پارێزگای دهۆک، جێبەجێ دەکرێن کە گوژمەی زیاتر لە یەک ملیار دیناریان بۆ تەرخان کراوە، هاوکات 10 پرۆژە کە تایبەتن بە سنووری قەزای زاخۆ لەسەر بودجەی قەزای زاخۆ و بە گوژمەی زیاتر لە سێ ملیۆن دینار جێبەجێ دەکرێن”. عادل عەبدوڵا مستەفا، ڕاشی گەیاند: “لەسەر بودجەی ڕێکخراوە بیانییەکان بە گوژمەی 907 ملیۆن دینار لەسەر سندووقی گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی لە بەغداش هەندێک پرۆژە لە سنووری پارێزگای دهۆک جێبەجێ دەکرێن، هاوکات لە ناحیەی “فایدێ”ش شەش پرۆژە بە گوژمەی زیاتر لە پێنج ملیۆن دینار جێبەجێ دەکرێت”.
زاخۆ.. ئەمڕۆ 10 پرۆژەی خزمەتگوزاری دەخرێنە واری جێبەجێکردنەوە
