ئەمڕۆ پێنجشەممە باڵوێزخانەی ئەمریكا لە بەغدا سەركۆنەی كوشتنی چالاكوانانی خۆپیشاندانەكانی عێراقی كرد، ئەمەش دوای ئەوەی دوێنێ لە یەك رۆژدا چەند چالاكوانێك لە بەسرە كوژران. باڵوێزخانەكە راگەیاندراوێكی لە هەژماری فەرمیی خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاوكردووەتەوە و ئاماژەی بەوە داوە كە ئەمریكا سەركۆنەی دەستدرێژییەكانی ئەم دواییە بۆ سەر چالاكوانانی خۆپیشاندانەكانی ناڕەزایی لە پارێزگای بەسرەی باشووری عێراق دەكات. دەشڵێ ئەم دەستدرێژییانە پێشێلكاریی ئاشكرای مافەكانی مرۆڤن، پشتیوانیشی بۆ حكوومەتی عێراق دەربڕیوە لە لێپرسینەوە و بەدواداچوونی لایەنی دەستدرێژیكار. جێی باسە تەنها دوێنێ چوارشەممە سێ چالاكوانی خۆپیشاندانەكانی بەسرە كوژران.