به‌ڤیدیۆ.. له‌ هه‌ولێر پیاوێك به‌هۆى كێشه‌ى زه‌ویوزاره‌وه‌ كوژرا

 لە گوندێکی هەولێر پیاوێك بەهۆی کێشەی زەویوزار، بە ئۆتۆمبێل لێی درا، پاشان بە گوللـە كوژرا. له‌مباره‌یه‌وه‌ كه‌ناڵى (كوردستان 24) بڵاوى كرووه‌ته‌وه‌، لە گوندی سۆرخان له‌ هەولێر، پیاوێك بەهۆی کێشەی زەویوزاره‌وه‌ بە ئۆتۆمبێل لێی درا، پاشان بە گوللـە كوژرا، ساتی لێدانی بە ئۆتۆمبێل لە کامێرای چاودێری تۆمار کراوە. ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ ڕوو، ڕووداوەکە شەوی ڕابردوو 19/8/2020 لە گوندی سۆرخان لەبەردەم ماڵی موختاری گوندەکە ڕووی داوە، موختارەکەش لەڕێگەی كه‌ناڵه‌كه‌وه‌ ئەوەی بە چاوی خۆی بینیویەتی و بیستوویەتی، دەگێڕێتەوە. ئاماژه‌ به‌وه‌ش دراوه‌، عەزیز عوسمان، ئەو پیاوەی شەوی ڕابردوو کوژرا، خاوەنی 20 دۆنم زەوییە لە گوندی دهێماتی دەشتی شەمامک لە هەولێر، لەگەڵ بنەماڵەی سالم (بکوژ) چەند ساڵێکە کێشەیان هەیە لەسەر زەویوزار، خێزانی سالم خەڵکی گوندی ڕەشکینن و 20 دۆنم زەوییان لە بنەماڵەی عەزیز کڕیوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی بەردەوام بەنێو زەویی یەکدیدا هاتوچۆیان کردووە، هەمیشە لەگەڵ عەزیز کێشەیان هەبووە پێشتریش عه‌زیز سکاڵای لەدژیان تۆمار کردووە. ڕوونیش كراوه‌ته‌وه‌، عەزیز گەنمەشامی لە زەویی خۆی چاندووە، كاتژمێر 10 و 30 خولكى شەوی ڕابردوو چووە ئەو مەکینەیە بکوژێنێتەوە، کە گەنمەشامییەکەی پێ ئاو داوە، بەڵام لەڕێگا لەگەڵ سەرکەوت، کوڕی سالم بووەتە دەمەقاڵێ و شەڕ، دوای ئەوەی پەلاماری یەکدییان داوە، عەزیز گوللـەیەکی لە قاچی سەرکەوت داوە و بۆ پاراستنی گیانی خۆی ڕای کردووەتەوە گوندەکەی خۆیان. ڕوونیش كراوه‌ته‌وه‌، موخڵیس محەمەد، موختاری گوندی سۆرخان، کە بەشێکی ڕووداوەکە لە بەردەم ماڵی ئەو ڕووی داوە، لە ڕێگەی كه‌ناڵه‌كه‌وه‌ ئەوەی بە چاوی خۆی بینیویەتی و بیستوویەتی، دەگێڕێتەوە و ده‌ڵێت: “عەزیز گەیشتە بەر دەرگای ماڵەکەم، بەڵام بەهۆی ئەوەی تۆز بوو، نەمبینی چی ڕووی دا، لە ڕاستیدا ترساین، وامانزانی ڕووداوەکە پەیوەندی بە ئێمەوە هەیە و بەسەریاندا داوین”. لە کامێرای چاودێری دەردەکەوێت، کاتێک عەزیز لە ئۆتۆمبێلەکەی دێتە دەرەوە و بە ئۆتۆمبێلێکی دیکە لێی دەدرێت. موختاری گوندەکە باس لەوە دەکات، بەهۆی تەپوتۆز سەرەتا هیچی نەبینیوە، بەڵام دەڵێ گوێم لە سالم بوو کاتێک گوتی “لێی بگەڕێ با بمرێ”. ئاشكراشى كردووه‌، ماوەیەکە دایکی هێناوەتە ماڵی خۆی، بۆ ئەوەی لە کۆرۆنا بەدوور بێت، بەڵام ڕووداوەکە هەموانی ترساندووە، بۆیە نەیتوانیوە لەگەڵ عەزیز بچێتە نەخۆشخانە، ئاماژە بەوەش دەکات دوو گەنجی گوندەکەی ڕاسپاردووە تاوەکوو بیبەنە نەخۆشخانە. لە کامێرای چاودێری دەردەکەوێت، عەزیز بە ئۆتۆمبێلی تاکسیی جۆری کۆرۆلا خۆی دەگەیەنێتە بەردەم ماڵی موختار، دەرگای ئۆتۆمبێلەکە دەکاتەوە بۆ ئەوەی بچێتە ماڵەکە، بەڵام ئەوان بە ئۆتۆمبێلێکی جۆری پیکاب تۆیۆتا هایلۆکس لێی دەدەن. بەگوتەی موختاری گوندەکە، عەزیز لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست داوە، دواتر ئەوان زانیویانە کە ئەو بە گوللـە بریندار بووە و هۆکاری گیانلەدەستدانەکەشی هەمان گوللـە بووە، کە بە ژێرباڵی چەپی کەوتووە، ده‌شڵێت: “من نەمبینی کێ گوللـەی لێ داوە، بەڵام پێدەچوو لەڕێگا کاتێک عەزیز بەرەو ماڵی ئێمە ڕای کردووە، بە گوللـە ڕاویان نابێت، لە ڕاستیشدا نازانم لەبەردەم ماڵی من، یان لەسەر ڕێگا گوللـەکەی بەرکەوتووە”. دوای ڕووداوەکە، خێزانی سالم گوندەکەیان جێ هێشتووە و هەڵاتوون، بەگوتەی شڤان حەسەن، کەسوکاری عەزیز: “لەدوای ڕووداوەکە، ئەو خێزانە هەڵاتوون و ئێستاش سێ کەس لە خێزانی سالم دەستگیر کراون”. عەزیز عوسمان خێزاندار بووە و چوار منداڵی هەیە، کوڕی گەورەی تەمەنی 12 ساڵە، لە شەوی ڕابردووەوە تەرمەکەی لە پزیشکی دادی بووە و کەمێک پێش ئێستا ڕادەستی خێزانەکەی کرایەوە و بەخاک سپێردرا.