ماکرۆن هێرش دەکاتە سەر ئەردۆغان

سەرکۆماری فەرەنسا هێرش دەکاتە سەر سەرکۆماری تورکیا و بە هۆکارێکی ناسەقامگیریی ناوچەکەی دادەنێت. ئیمانوێڵ ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاندووە، پێویستە ئەوروپا رووبەڕووی ئەو بارودۆخە ببێتەوە و بەرپرسیارێتیی خۆی هەڵبگرێت. ئیمانوێڵ ماکرۆن هەروەها رایگەیاندووە، وڵاتەکەی لەگەڵ ئاڵۆزیی زیاتر نییە، کە تورکیا لە ناوچەکە دروستی کردووە، بەڵام باوەڕیشی بە دیپلۆماسیەتی بێهێز نییە. سەرۆکی فەرەنسا هێرشی کردووەتە سەر رەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرکۆماری تورکیا و بە گرتنەبەری سیاسەتی فراوانخوازیی نەتەوەیی و ئیسلامی تۆمەتبار کردووە. ئیمانویڵ ماکرۆن جەختی لەوە کردووەتەوە، کە ئەو سیاسەتەی ئەردۆغان لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئەوروپا یەک ناگرێتەوە و هۆکارێکە بۆ ناسەقامگیریی ئەوروپا و ناوچە.