وەزیری تەندروستی: بە بڕیاری سەرۆكی حكوومەت بودجەیەكی هاندان بۆ كارمەندانی تەندروستی خەرج دەكرێ

وەزیری تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند كە بە بڕیاری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بودجەیەكی هاندان بۆ كارمەندانی تەندروستی خەرج دەكرێت، وێڕای ئەوەی سوپاس و پێزانینێكی تایبەتیشی بۆ سەرجەم پزیشك و كارمەندانی تەندروستی كردووە. د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی لە پرێس كۆنفرانسێكدا رای گەیاند، لە ماوەی ٢٤ كاتژمێری رابردوودا ٥٣٢٢ پشكنین كراوە كە زۆرترین ڕێژەی پشكنینە لە ماوەی ٢٤ كاتژمێردا كرابێت و لە ئەنجامدا ٤٨٣ حاڵەتی نوێی تووشبوونی پەتای كۆرۆنا تۆمار كراوە (هەولێر ١٨١، سلێمانی ٧٠، گەرمیان ٢٦، راپەڕین ٣٦، دهۆك ١٤٣ و هەڵەبجە ٢٧). ڕوونیشی كردەوە كە ٣٢٥ حاڵەتی چاكبوونەوەی نەخۆشانی نێو نەخۆشخانەكان هەن، ٢٤ حاڵەتی گیان لەدەستدانیش هەن كە ١٥ حاڵەتیان لە هەولێر بووە. وەزیری تەندروستی دەڵێت: ”باڵانسی ئاساییبوونەوەی ژیان و كردنەوەی شوێنەكان گرنگە و پێویستە، بەڵام دەبێت ڕێكارەكان و پابەندبوون بە ڕێنماییە تەندروستییەكان جەختی لێبكرێتەوە. هیچ شوێنێك نەكرابێتەوە بەبێ جێبەجێكردنی مەرجە تەندروستییەكان. دانانی ماسك و دووركەوتنەوەی مەتر و نیو تا ٢ مەتر لە یەكتر و كەمتركردنەوەی قەرەباڵغی گرنگە بۆ ئەوەی دۆخی پەتای كۆرۆنا خراپتر نەبێت. بەداخەوە تێبینی دەكەین چەند ڕۆژێكە لەسەر دیاردەی مانەوەی نەخۆش تا ڕادەی گەیشتنی بۆ بارێكی ترسناك، نەخۆش دەبێت لە باری توند سەردانی نەخۆشخانە بكات، زۆر حاڵەت هەیە كە نەخۆشەكە گەیشتۆتە ڕادەی لەكاركەوتنی كۆئەندامی هەناسە، ئینجا دەهێندرێتە نەخۆشخانە، ئەمەش ئەگەری چاكبوونەوەی نەخۆش كەم دەكاتەوە“. ئەوەشی ئاشكرا كرد: ”مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سوپاس و پێزانینێكی پێشكەش بە سەرجەم پزیشك و كارمەندان و فەرمانبەرانی وەزارەتی تەندروستی كردووە كە دەبێتە هۆی پێشخستنێك بۆ ئەو فەرمانبەرانە لە وەزیفەی گشتی، لە بەرامبەردا سوپاسی دەكەین.  هەروەها سەرۆكی حكوومەت ڕەزامەندی دا لەسەر بودجەیەكی تایبەت تەنها بۆ هاندان و دابەشكردن بەسەر ئەو پزیشك و كارمەندان و فەرمانبەرانەی تەندروستی كە لە ڕووبەڕووبوونەوەی پەتای كۆرۆنا بەشدار بوون. ئەوانیش لە تیمەكانی خۆپارێزی یان دۆزینەوەی حاڵەتەكان، یان تیمەكانی پشكنین، یان تیمەكانی هێنان و بردنی نەخۆشەكان ژمارە ١٢٢، هەروەها تیمی چارەسەری كە لە نەخۆشخانە و سەنتەرەكانن. لەسەر بڕیاری سەرۆكی حكوومەت، بڕێكی خەرجیی هاندان بۆیان خەرج دەكرێ و لە ڕۆژانی یەكشەممە بەسەر هەموو بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكاندا دابەش دەكرێت و بە ئالیەتێك دابەش دەكرێت“.