وەزیری ناوخۆی عێراق دوای رووداوی تیرۆرکردنی سێ ژنە چالاکوانی بەسرە، سەردانی ئەو شارە دەکات. ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 19-8-2020، رەیهام یەعقوب، ژنە چالاکوان و پزیشکی بەسرە و دوو ژنە چالاکوانی دیکەی ئەو شارە بە گوللەی چەکدارانی نەناسراو و کوژران. عوسمان غانمی، وەزیری ناوخۆی عێراق سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە 20-8-2020 بە سەردانێک گەیشتووەتە بەسرە و لەگەڵ ئیدارە و بەرپرسانی باڵای بەسرە، تاوتوێی بارودۆخی ئەمنیی ئەو شارە دەکات. ماڵپەڕی کەناڵی (سکای نیوز) ئاشکرای کردبوو، کە پێشتر ئاژانسی (میهر)ی ئێرانی راپۆرتێکی بڵاو کردبووەوە و تێیدا ژمارەیەک چالاکوانی خۆپیشاندانەکانی عێراقی بە ”بەکرێگیراوی ئەمریکا“ هەژمار کرابوون و ناوەکانیان بڵاو کرابووەوە. ناوی رەیهام یەعقوب خرابووە ناو ئەو لیستەی ئاژانسە ئێرانییەکە و بە ”بەکرێگیراوی ئەمریکا“ تۆمەتباری کردبوو. بەهۆی ناکارایی هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی عێراق، دەیان گرووپ و میلیشیای تیرۆریستی، تائیفی و توندڕەو لە بەغدا و شارەکانی دیکەی ئەو وڵاتە بڵاو بوونەتەوە. ئەو گرووپ و میلیشیایانە بەردەوام کردەی تیرۆریستی و تاوانکاری بۆ بەرژەوەندیی ئەو لایەنانەی کاریان بۆ دەکەن، ئەنجام دەدەن.