گوته‌بێژى سه‌رۆكایه‌تیی شارەوانیی هه‌ولێر، ڕوونکردنەوە له‌باره‌ى دەنگۆی وەرگرتنی پارە لەبری فڕێدانی زبڵ و خاشاکی ماڵان، ده‌دات. سیامەند کەریم، گوته‌بێژى سه‌رۆكایه‌تیی شارەوانیی هه‌ولێر بە (باس‌نیوز)ی ڕاگەیاند: “تاوەکوو ئێستا هیچ بڕە پارەیەکی مانگانە بۆ فڕێدانی زبڵ و خاشاک، لە هاووڵاتییان وەرنەگیراوە، تەنیا لە دووکان و شوێنە بازرگانییەکان بڕە پارەیەک وەردەگیرێ”. ئه‌وه‌شى خسته ڕوو، چەندین کۆبوونەوە لە شارەوانی کراوە بۆ ئەوەی دیراسەتی چۆنیەتیی کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاک بکرێ، گوتیشی: “لە هیچ گەڕەکێکی هەولێر پارە بەناوی فڕێدانی زبڵ و خاشاک وەرنەگیراوە و ڕەچاوی دۆخی ئابووریی خەڵک کراوە، بۆیە ئەوەی هەیە دیراسەی بابەتەکە دەکرێ و هیچ بڕیارێک بۆ ئەو مەبەستە نەدراوە”. هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه کوردۆ شابان، گوتەبێژی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بە (باس‌نیوز)ی ڕاگەیاند: “لە هەولێر پارەی فڕێدانی زبڵ و خاشاک لە هاووڵاتییان وەرنەگیراوە، ئەگەرچی پێشووتر بڕیارێکی لەم شێوەیه‌ش هەبووە، بەڵام تاوەکوو ئێستا هیچ بڕه پارەیەک وەرنەگیراوە”. بە پێی ئەو داتایانەی دەست (باس‌نیوز) کەوتوون، ڕۆژانە لە سەرووی دوو هەزار تۆن زبڵ و خاشاک لە هەرێمی کوردستان فڕێ دەدرێ، حکوومەتی هه‌رێمى كوردستانیش مانگانە سێ ملیار دینار، بۆ کۆمپانیاکانی خاوێنکردنەوە و فڕێدانی زبڵ و خاشاک خەرج دەکات.
ڕوونكردنه‌وه لەبارەی وەرگرتنی پارەی زبڵ و خاشاكی ماڵان ده‌درێت
