بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر ڕوونكردنەوەیەكی لەبارەی بەهاناوەچوونی پەرلەمانتارێكی كوردستانەوە بڵاو كردەوە و ئەو دەنگۆیانەی ڕەت كردەوە كە باس لە ئازاردانی پەرلەمانتارەكە دەكەن. بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر لە ڕوونكردنەوەیەكدا كە وێنەیەكی بۆ (باسنیوز) نێردراوە، ئاماژەی بەوە كرد، ئەمڕۆ کاوە عبدالقادر پەرلەمانتاری کوردستان، چۆتە ناو بازاڕ و خەڵکی هانداوە بۆ ئەوەی خۆپیشاندان ئەنجام بدەن، لە لایەن خەڵکی کاسبکاری ناو بازاڕ و سڤیلەوە پەلاماری دراوە و ویستراوە ئازاری پێبگەێنن. جەختیش كراوەتەوە كە لەم كاتەدا پۆلیس بە ئەرکی خۆیان ھەڵساون و بەهانای پەرلەمانتارەكەوە چوونە و توانیویانە پەرلەمانتارەکە لە ژێر دەستی خەڵکەکە دەرباز بکەن و نەهێڵن ئازارى پێبگات. بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر، هەموو ئەو پڕوپاگەندە و دەنگۆ و چەواشەکارییانە ڕەت كردۆتەوە كە بانگەشە بۆ ئەوە دەكات، گوایە پۆلیس ئازاری ئەو پەرلەمانتارەی داوە، ”ئەمە بەهیچ شێوەیەک ڕاست نییە و دوورە لەڕاستییەوە“. ئەمەش دەقی ڕوونكردنەوەكەیە: ڕوونکردنەویەک لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر ئەمڕۆ بەرێز کاوە عبدالقادرپەرلەمانتاری پەرلەمانی کوردستان چۆتە ناوبازاڕو خەڵکی هانداوە بۆ ئەوەی خۆپیشاندان ئەنجامبدەن، لەلایەن خەڵکی کاسبکاری ناوبازاڕ و سڤیل پەلاماری دراوەو ویستراوە ئازاری پێبگەێنن، لەوکاتەدا پۆلیس بەئەرکی خۆیان ھەڵساون و بەهانای ئەو بەرێزە چوونەو توانیویانە پەرلەمانتارەکە لەژێردەستی خەڵکەکە دەرباز بکەن ونەهێڵن ئازارى پێبگات، بۆیە هەموو ئەو پڕوپاگەندە و دەنگۆ و چەواشەکاریانە ڕەتدەکەینەوە کەبانگەشە بۆ ئەوە دەکات گوایە پۆلیس ئازاری ئەو پەرلەمانتارەی داوە، ئەمە بەهیچ شێوەیەک ڕاست نییە و دوورە لەڕاستیەوە. بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر 2020.8.22
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر ڕوونكردنەوەیەك بڵاو دەكاتەوە
