ژمارەی قوربانییانی تەقینەوەکەی ناو خۆپیشاندەرانی ناسریە بەرز دەبێتەوە

ژمارەی قوربانیانی تەقینەوەکەی شاری ناسریەی سەنتەری پارێزگای زیقار، بەرز بووەتەوە. درەنگانی شەوی شەممە 21-8-2020، پایسکلێکی بۆمبڕێژکراو لە گۆڕەپانی حەبوبی لە نزیک خێوەتێکی خۆپیشاندەران، تەقییەوە و ئەوکات برینداربوونی سێ کەس راگەیەندرا. بەهۆی تەقینەوەکەوە و بەپێی دوایین ئامار، 11 خۆپیشاندەر بریندار بوون، کە برینی سێ کەسیان سەختە. ماوەیەکە بەردەوام خۆپیشاندەر و چالاکوانانی باشووری عێراق دەکرێنە ئامانج و هەوڵی کوشتنیان دەدرێت. پێشتریش لە ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 19-8-2020، رەیهام یەعقوب، ژنە چالاکوان و پزیشکی بەسرە  و دوو ژنە چالاکوان و رێکخەری دیکەی خۆپیشاندانەکانی ئەو شارە بە گوللەی چەکدارانی نەناسراو و کوژران. بەهۆی ناکارایی هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی عێراق، دەیان گرووپ و میلیشیای تیرۆریستی، تائیفی و توندڕەو لە بەغدا و شارەکانی دیکەی ئەو وڵاتە بڵاو بوونەتەوە. ئەو گرووپ و میلیشیایانە بەردەوام کردەی تیرۆریستی و تاوانکاری بۆ بەرژەوەندیی ئەو لایەنانەی کاریان بۆ دەکەن، ئەنجام دەدەن.