گەندەڵی گەیشتە (پشکنینی کۆرۆنا)ی گەشتیاران لە عێراق

ئەمڕۆ شەمە، سەرچاوەیەکی تەندروستیی ناوخۆیی لە بەغدای پایتەخت دەریخست، هەندێک کەس پشکنینی (پۆخڵ) ناڕاست بە دەرەنجامی نەرێنی بۆ ئەو کەسانە دەکەن، کە حەزیان لێیە لە عێراق بچنە دەرەوە، بە بێ ئەوەی ئەو گەشتیارانە بە شێوەیەکی راست و تەواو پشکنین بکەن و بەبێ ئەوەی بچن بۆ تاقیگەکان. سەرچاوەکە، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بۆ (باسنیوز) روونی کردەوە: “قەرەباڵغیی زۆر لە تاقیگەکان وای لە هاووڵاتییان کردووە، کە بەڕاستیی لەوە بترسن، کە لە کاتی پشکنیندا دەربکەوێ تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوونە”. گوتیشی: “ئەمەی وای لێ کردوون بەدوای ئەوانەدا بگەڕێن، کە بەبێ پشکنین ئەنجامیان پێ بدەن، لە ترسی ئەوەی، نەبادا بچن بۆ تاقیگەکان و لەوێ لەناو ئاپۆرای خەڵکدا تووشی ڤایرۆسی کرۆنا ببن”. سەرچاوەکە روونیشی کردەوە: “پێویستە وەزارەتی تەندروستی ژمارەی سەنتەرەکانی تایبەت بە پشکنینی گەشتیاران زیاد بکا و کاری ئەو سەنتەرانە رێک بخا، بۆ ئەوەی حاڵەتی گەندەڵییان تێدا روو نەدا، ئەمەش لەپێناو سەلامەتیی هاووڵاتییانەوە”. وەزارەتی تەندوستی و ژینگەی عێراقی رایگەیاند، چەند تاقیگەیەکیان لە بەغدای پایتەخت تایبەت کردووە، بۆ پشکنینی کۆرۆنا بۆ ئەو کەسانەی ئارەزووی گەشتی دەرەوەی وڵات دەکەن. وەزارەتی دەڵێ: “تاقیگەکانی نەخۆشخانەی (دار التمريض)ی تایبەت لە (مدينة الطب)ی ناوەڕاستی بەغدا و تاقیگەی راوێژکاریی بەرامبەر نەخۆشخانەی (یەرمووکی فێرکاری) لە رۆژئاوای بەغدامان بۆ پشکنینی (كوفيد-19) بۆ ئەو کەسانە تایبەت کردووە، کە گەشتی دەرەوەی وڵات دەکەن”.