ئەمریکا بە فەرمی داوای لە كازمی كردووە کێشە هەڵپەسێردراوەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان چارەسەر بکات

ئەمریکا بە فەرمی داوای لە مستەفا کازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق كردووە کێشە هەڵپەسێردراوەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان چارەسەر بکات، کۆشکی سپی رایگەیاندووە پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ سه‌قامگیری، سه‌ربه‌خۆیی و سه‌روه‌رییه‌كەیدا ڕۆڵی گرنگی هه‌یه. به ‌پێی ڕاگه‌یه‌ندراوێکی كۆشكی سپی، دوای گەڕانەوەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە سەردانە چەند رۆژیەکەی لە واشنتۆن، گفتوگۆی نێوان عێراق و ئه‌مه‌ریكا سه‌ركه‌وتوو بووه‌ و به‌شێك له‌ گفتوگۆكان تایبه‌ت بوون‌ به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، هه‌ردوولا باسیان له‌ درێژه‌پێدانی گفتوگۆكان كردووه‌ و ئه‌مریكاش ڕایگه‌یاندووه‌ كه‌ پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ سه‌قامگیری و سه‌ربه‌خۆیی و سه‌روه‌رییه‌كەیدا ڕۆڵی گرنگی هه‌یه‌، بۆیه‌ دانوستان و ڕیكه‌وتن له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان به‌ خاڵێكی گرنگ وه‌سف كراوه‌. لەمبارەوە کارۆخ خۆشناو سەرۆکی ئینستیتیوتی توێژینەوەی ئەمریکی-کوردی بۆ (باسنیوز) رایگەیاند ئەمریکا لەو گەشتەدا بە شێوەیەکی فەرمی داوای لە مستەفا کازمی کردووە کێشە هەڵپەسێردراوەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان چارەسەر بکات، ئەو راگەیەنراوەی کۆشکی (سپی)یش جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە، بە تایبەتی ئەو کێشانەی کە لە چوارچێوەی دەستوور مافی هەرێمی کوردستانن، دەبێ جێبەجێ بکرێن، وەکو مادەی ١٤٠، دۆسیەی بودجە و مووچەی پێشمەرگە، بودجەی گشتیی کوردستان و ئەو کێشانەی ئێستا لە ناوچە جێناکۆکەکان هەن بە پرسی گەڕانەوەی پێشمەرگەشەوە. خۆشناو ئاماژەی بەوەش دا كە سیاسەتی ئەمریکا ئەوەیە نایەوێ پشێویەکان لە عێراق بەردەوام بن و دەبێ پەلە بکرێ لە چارەسەرکردنیان، بۆیە هەر لە ئەمریکاوە کازمی بانگهێشتی شاندی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ دانوستان لە هەفتەی داهاتوو بچێتە بەغدا، گوتیشی ”چاوەڕوانکراوە رێکەوتنێکی کۆنکرێتی لە نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر پرسی بودجە و مووچە واژۆ بکرێت کە هەر لەسەر بنەمای ئەو رێکەوتنە بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە بودجەی ٢٠٢١ی عێراق دا دیاری بکرێت“. سەرۆکی ئینستیتیوتی توێژینەوەی ئەمریکی-کوردی، ئەوەشی راگەیاند هەرێمی کوردستان هەمیشە جێگەی بایەخی ئەمریکایە و بە گرنگەوە دەڕوانێتە پێگەی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەش بەڵگەی گەورە هەیە، دانانی سیستەمی پاتریۆت و دروستکردنی گەورەترین نوێنەرایەتی لە هەولێر دەرخەری ئەو راستیەیە کە ئەمریکا بە گرنگی زۆرەوە لە هەرێمی کوردستانی ڕوانیوە، گوتیشی ”هەمیشە ئەمریکا جەختی لەوە کردووەتەوە کە پێگەی هەرێمی کوردستان پارێزراو بەهێز بێت، لەم گەشتەشدا ئەوە بە روونی بە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق گوتراوە، کە ئەمریکا پارێزگاری لە پێگەی هەرێمی کوردستان دەکات کە هەمیشە بە بەهێزی بمێنێتەوە“.