بەغدا… كاروانێكی هێزەكانی هاوپەیمانان كرایە ئامانج

ئەمشەو كاروانێكی سەربازیی هێزەكانی هاوپەیمانانی شەڕی دژی داعش لە نزیك سەربازگەی تاجی لە سنووری پارێزگای بەغدای پایتەختی فیدراڵی كرایە ئامانج. سەرچاوە ئاسایشییەكانی عێراق دووپاتیان كردەوە ئەمشەو بۆ جارێكی تر هێرش كراوەتەوە سەر هێزەكانی هاوپەیمانان، هێرشەكەی ئەمشەویش لە نزیك سەربازگەی تاجی لە ڕێگەی بۆمبی چێندراوەوە ئەنجام دراوە. بۆمبەكە لە نزیك سەربازگەی تاجی لە باكووری بەغدا بە كاروانێكی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا تەقیوەتەوە، تا ئێستا زیانەكانی نەزاندراوە. جێی باسە ئەمڕۆ یەكشەممە هێزەكانی هاوپه‌یمانان بڕیاری دابوو كاروانێكی ھێزەكانیان لە سەربازگەی تاجی لە باكووری بەغدا بكشێتەوە و سەربازگەكە رادەستی حكوومەتی عێراق بكرێتەوە. بڕیارە ئەم كاروانە سەربازییەی ناوچەی تاجی بەجێهێشتووە، ڕوو لە سه‌ربازگه‌ی عه‌ین ئه‌سه‌د له‌ سنووری پارێزگای ئه‌نبار بكات.