ترەمپ دۆزینەوەی چارەسەرێكی گرنگ بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا رادەگەیەنێ

بڕیارە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا لە ماوەی چەند كاتژمێری داهاتوودا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا دەسکەوتێکی گەورەی تەندروستی ئاشكرا بكات كە چارەسەرییەكی بواری رووبەڕووبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنایە. کایلی ماکینانی گوتەبێژ بەناوی کۆشکی سپی لە تویتێکدا ئاشکرای کرد ئەلیکس عازار وەزیری تەندروستی و ستیڤن هان سەرۆکی دەستەی دەرمان و خۆراک لە کۆنگرەکەدا ئامادە دەبن. ئەمریکا ئێستا گەورەترین وڵاتی زەرەرمەندی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنایە، ژمارەی تووشبووان بە کۆرۆنا لە ئەمریکا گەیشتووەتە نزیکەی پێنج ملیۆن و 700 هەزار تووشبوو، لەگەڵ 176 هەزار حاڵەتی مردن. ئیدارەی ترەمپ سەبارەت بە تەنگژەی پەتای کۆرۆنا رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەوە، بەتایبەت لە بواری پەلەکردن و پێشنیارکردنی دەرمان، بەر لەوەی وەک پێویست بخرێتە بەر پشکنین و تاقیکردنەوە. بەڵام سەرۆکی ئەمریکا وەڵامی دانەوە کە ئەوە (وڵاتە قووڵەکە)یە بەرهەمهێنانی پێکوتەی پەتایەکە دوائەخات، کە زیانێکی زۆر گەورەی بە ئابووریی ئەمەریکا گەیاندووە، لەگەڵ ئەوەشدا جەختی کردەوە کە پێکوتەی پەتایەکە بەر لە وادەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا لە تشرینی دووەمی ئەمساڵ، بەردەست دەبێ.