خەسرەو گۆران: لە ئەگەرى هەموارکردنەوەى یاساى هەڵبژاردنەکانى عێراق یەکڕیزیى کورد لە بەغدا گرنگە

بەرپرسى دەزگاى هەڵبژاردنى پارتى دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنێت یەکڕیزیى فڕاکسیۆنە کوردستانییەکان لە بەغدا گرنگە لە ئەگەرى هەموارکردنەوەى یاساى هەڵبژاردنەکانى عێراق، بۆ ئەوەى بتوانین لە بەرژەوەندى کورد یەکلایى بکەینەوە. خەسرەو گۆران، بەرپرسى دەزگاى هەڵبژاردنى پارتى دیموکراتى کوردستان بە(باسنیوز)ى راگەیاند: “یاساى هەڵبژاردنەکانى عێراق کە هێشتا بە نیوەچڵى و ناتەواوى ماوەتەوە و مشتومڕێکى زۆرى لەسەرە و لایەنە سیاسییەکان کۆک نین لەسەرى، بە جۆرێک دارێژراوە کە هەر پارێزگایەکى بەسەر چەندین بازنە دابەش کردووە، ئەمەش لە بەرژەوەندى کورد نییە، بۆیە یەکڕیزیى و هاوهەڵوێستى کورد و فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە بەغداش زۆر گرنگە لەم قۆناغەدا”. روونیشى کردەوە” لە ئەگەرى هەموارکردنەوەى یاساکە لەلایەن پەرلەمانەوە، گرنگە کورد هاوهەڵوێست بێت بۆ ئەوەى بە هەموو لایەک بتوانین داواکارییەکانى کورد لە یاساکەدا جێگیر بکرێت، بە جۆرێک کە لە بەرژەوەندى هاووڵاتیانى هەرێمدا بێت”. ئاماژەى بە ئەوەش کرد” ئەگەر هەڵبژاردنەکانى عێراق بەپێى ئەو یاسایەی کە ئێستا هەیە بەڕێوەبچن، ئەوا لەبەرژەوەندیى کورددا نییە، چونکە هەر پارێزگایەک بەسەر چەندین بازنەدا دابەشکراوە، لەم حاڵەتەش دەنگى کورد پەرت دەبێ بە تایبەت لەو ناوچانەى کە کورد زۆرینە نییە، بۆیە ئێمە هەوڵەکانمان چڕکردۆتەوە بۆ هەڵسەنگاندنى بارودۆخەکە و دۆزینەوەى رێگەچارەیەکى گونجاو”.