پۆلیسی گەرمیان برینداركردنی نۆ كارمەندی پۆلیسی لە ڕووداوەكانی دوێنێ شەممە ٢٢ی ٨ی ٢٠٢٠ ڕاگەیاند. موقەدەمی مافپەروەر عەلی جەمال قەدووری، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە (باسنیوز)ی راگەیاند، لە ئەنجامی بەردهاوێشتنی ئەو كەسانەی خۆیان وەك خۆپیشاندەر ناساندووە، نۆ كارمەندی پۆلیس لە سەنتەری قەزای كەلار بریندار بوون. ڕوونیشی كردەوە كە برینی سێ لە كارمەندەكان سووكە، شەش كارمەندیش ڕاپۆرتی پزیشكییان بۆ كراوە و جەخت دەكاتەوە كە بریندار كراون. هەر لە ڕووداوەكانی دوێنێی كەلاردا، بەشێكی زۆری بینای قایمقامیەتی كەلار و شوێنەكانی تایبەت بە مامەڵەی خانووبەرەی هاووڵاتییان و دەیان هەزار بەڵگەنامەی موڵكایەتیی خەڵكی سووتێندران. ئۆتۆمبێلێكیش سووتێندرا كە موڵكی هاوبەشی كارمەندێكی پۆلیس و براكەیەتی. دوێنێ لە چەندان شوێن، كەسانێكی زۆر كە خۆیان وەك خۆپیشاندەر ناساندبوو، گردبوونەوەیان ئەنجام دا، دواتریش لە كەلار و هەڵەبجە هێرشیان كردە سەر بارەگاكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بە گوللەش تەقەیان لە بارەگای پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵەبجە كرد.
گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان: نۆ كارمەندی پۆلیس لە ڕووداوەكانی دوێنێ بریندار كراون
