تەندروستیی عێراق کاتی شەپۆلی دووەمی کۆرۆنا ئاشکرا دەکات

وەزارەتی تەندروستیی عێراق کاتی هاتنی شەپۆلی دووەمی پەتای کۆرۆنا بۆ وڵاتەکەی، ئاشکرا دەکات. ئەمڕۆ سێشەممە 25-8-2020، عەباس حوسێنی، ئەندامی شانەی رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا لە ناوچەی رەسافەی بەغدا، رایگەیاندووە،  زیادبوونی ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە عێراق بۆ دوو هۆکار دەگەڕێتەوە، کە بریتین لە؛ – پابەندنەبوونی هاووڵاتییان بە رێنوێنییە تەندروستییەکان. –  زیادبوونی ژمارەی پشکنینەکان، کە ئێستا رۆژانە 25 هەزار پشکنین بۆ هاووڵاتییان دەکرێت. عەباس حوسێنی هەروەها رایگەیاندووە، عێراق تا ئێستا لە قۆناغی یەکەمی کۆرۆنا دایە و شەپۆلی دووەمی ئەو پەتایە لە مانگی 10ـی ئەمساڵ روو لەو وڵاتە دەکات. تا ئێستا 207 هەزار و 985 کەس لە عێراق تووشی پەتای کۆرۆنا بوون و لەو ژمارەیەشدا، شەش هەزار و 519 کەس گیانیان لەدەست داوە.