بەڕێوەبەری گشتیی ڕەگەزنامە و پاسپۆرتی هەرێمی کوردستان ئاشكرای دەكات، فەرمانی خەرجكردنی مووچەی چوار فەرمانگە فیدراڵییەكە لە وەزارەتی دارایی عێراق دەردەچێت. لیوا هێرش ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ڕەگەزنامە و پاسپۆرتی هەرێمی کوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “لێژنەیەكمان لەلای خۆمانەوە ناردووهتە بەغدا بۆ ئەوەی ڕەزامەندیی تەمویلەكە کە 12.7%ه، بهێننەوە بۆ ئەوەی مووچەكانیان خەرج بكرێت”. بڕیار بوو هەفتەی ڕابردوو مووچەی بەڕێوەبەرایەتیی پاسپۆرت، نشینگە، ڕەگەزنامە و باری کەسی و کارتی زانیاری دابهش بكرێت، كە ئهو فهرمانگانه لە هەرێمی کوردستانن فەرمانگەی فیدڕاڵین و سەر بە حکوومەتی عێراقن، بەڵام بەهۆی نووسراوێك لە نێوان وەزارەتی دارایی عێراق و ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق مووچەكانیان دواكەوت. لیوا هێرش ئەحمەد دڵنیایی دایە فەرمانبەرانی ئەو چوار فەرمانگەیە كە مووچەكانیان بۆ خەرج دەكرێت، گوتیشی: “نووسراوی خەرجكردنی تەمویلەكە لەلای وەزیری دارایی عێراقە، بەهۆی گەشتی ئەمریكا بەشێك لە بەرید و نووسراوەكان دوا كەوتوون، بەڵام فەرمانبەرانمان دڵنیا دەكهینەوە مووچەكانیان بەم نزیكانە بۆ خەرج دەكرێت”. پێشتر وەزیری دارایی عێراق نووسراوێکی کردبوو بۆ ئەمینداریەتی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و داوای کردبوو، چارەنووسی ئەو تەمویلەی ڕەگەزنامە و بەنداوەکان یەكلایی بكرێتەوە. بەڕێوەبەری گشتیی ڕەگەزنامەی و پاسپۆرتی هەرێمی کوردستان ئاشكراشی كرد: “هەفتەی ڕابردوو هەندێک لە ژمێریارەکان لیستی مووچەی فەرمانگەکانی ڕەگەزنامەیان بە لێبڕینی 21% ئامادە کردبوو، ئەوە ڕاگیرا، چونکە مانگی پێشووش مووچەی ئێمە بێ لێبڕین بوو، مووچەی ئێمە بێ لێبڕین دەبێت”.
زانیاری لهبارهى مووچەی چوار فەرمانگهى سهر به حكوومهتى عێراق بڵاو دهكرێتهوه
