سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو پێکهاتەی حکوومەتی نوێی تونس دەداتە سەرکۆمار

سەرۆک وەزیرانی راسپێردراوی تونس پێکهاتەی کابینەکەی، دەداتە سەرکۆماری وڵاتەکەی. هیشام مەشیشی، سەرۆک وەزیرانی راسپێردراوی تونس درەنگانی شەوی دووشەممە 24-8-2020 ناوی ئەندامانی کابینەکەی پێشکەشی قەیس سەعید، سەرکۆماری وڵاتەکەی کرد. کابینەکەی هیشام مەشیشی لە 28 وەزیری ئاسایی و وەزیری دەوڵەت پێک دێت و وەک خۆی رایگەیاندووە، هیچ کەسێکی حزبی نەخراوەتە ناو لیستەکە. تونس وڵاتێکی عەرەبییە و کەوتووەتە باکووری ئەفریقیا. بەپێی زانیارییەکانی ویکیپێدیا، دانیشتووانی ئەو وڵاتە لە زیاتر لە 11 ملیۆن و 565 هەزار کەس پێکهاتووە. دوای رووخاندنی رژێمی زەینەدین بن عابدین لە ساڵی 2011، رەوتی ئیخوان موسلیمین و لایەنە دیموکرات و لیبرالەکان بەردەوام ناکۆکییان لەسەر بەڕێوەبردنی وڵات هەیە.