ئەمڕۆ كەریم سلێمان، وەک بریكاری وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەست بەكار بوو. وەزارەتی کشوتکاڵ لە راگەیاندراوێکدا کە کۆپییەکی بە (باسنیوز) گەیشتووە و تێیدا بڵاویکردووەتەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە 26ی8ی2020، كەریم سلێمان، وەک بریكاری وەزارەتی كشتوكاڵ دەست بەكار بوو، لەسەرەتاشدا بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بەخێرهاتنی بریكاری وەزارەتی كرد، بەناوی ئەنجوومەنی راوێژكاری وەزارەت پیرۆزبایی ئاراستە كرد. ئەوەش خراوەتە روو، کە وەزیری کشتوکاڵ تیشكی خستەسەر هەنگاوەكانی وەزارەت لەماوەی رابردوو بۆ بەرەو پێشبردن و بووژانەوەی كەرتی كشتوكاڵ و ئاودێری، راشیگەیاند: “بەهەماهەنگی و یەك تیمی دەتوانرێت سەركەوتووبین لە بەرەوپێشبردنی كەرتی كشتوكاڵ و ئاودێری، بەم نیەتەش دەستمان پێكردووە و بەردەوام دەبین”. لای خۆشییەوە كەریم سلێمان، بریكاری وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو سوپاس و پێزانینی ئاراستەی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو كرد، ئاماژەی بەوەشكرد، دەتوانین بەیەكەوە خزمەتی كەرتی كشتوكاڵ بكەین و ئامانجیشمان بەرەوپێشبردنی ئەم كەرتەیە.
بریكاری وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو دەست بەكار بوو
