خانمە چالاكوانێكی سلێمانی ڕەخنە لە ژمارەیەك لە میدیاكان و بەناو ڕۆژنامەنووسەكانی دەڤەرەكەی دەگرێت بەوەی، بۆ هەر ڕووداوێك كە لە هەولێر و دهۆك ڕوو دەدات، دەیان سیناریۆ دەهۆننەوە، كەچی بەرامبەر ڕووداوەكانی سلێمانی و هەڵەبجە، بێ دەنگن. ڕۆژی ٢٣ی ٨ی ٢٠٢٠ و پاش سووتاندنی بارەگای شارەوانیی هەڵەبجە لە لایەن كەسانێك لەژێر ناوی خۆپیشاندەرەوە، تا دوای نیوەڕۆی ڕۆژی ٢٥ی ٨ی ٢٠٢٠، خدر كەریم، سەرۆكی پێشووی شارەوانیی هەڵەبجە بێسەروشوێن بوو، پاشان وێنەكەی بە هیلاكی بڵاو كرایەوە كە لە دەرەوەی شار كەوتبوو، بەبێ ئەوەی هیچ یەكێك لە میدیا و چالاكوان و ڕۆژنامەنووسانی سلێمانی بپرسن ئاخۆ ئەم سێ ڕۆژە ئەم پیاوە لە كوێ بووە و چی بەسەر هاتووە؟ لەمبارەیەوە خاتوو یادگار مەحموود، یاساناس و چالاکوان لە سلێمانی بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، ھەندێک ڕۆژنامەنووس و چالاکوان بەرامبەر بە ڕووداوەکانی سلێمانی بێدەنگن، بەڵام ئەگەر ڕووداوێکی لاوەکی لە شاری ھەولێر ڕوو بدات، ئەو ڕۆژنامەنووس و نووسەرانەی سلێمانی فەوزایەکی گەورە دەنێنەوە و ھەوڵی ناشرینکردنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و لەکەدارکردنی شاری ھەولێر دەدەن، ”بێگومان ھەڵوێستی ئەو بەناو نووسەر و ڕۆژنامەنووس و چالاکوانانە کارێکی نائەخلاقی و نادیموکراسییە و زیاتر خزمەت بە گرووپە سیاسییەكان دەکات“. بە بڕوای ئەو خانمە چالاكوانەی سلێمانی، ئەگەر كەیسی ونبوونی سەرۆكی پێشووی شارەوانیی هەڵەبجە، لە هەولێر بوایە، ”ئەو نووسەر و چالاکوانانەی سلێمانی لە کەناڵەکانەوە ھێرشی توندیان ئاڕاستەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان دەکرد و ھەرچی ھەوڵی خۆیان بوو دەیانخستە گەڕ و دەیان سیناریۆیان دەهۆنیەوە تاوەكوو حكوومەت و پارتی ناشرین بکەن، بەڵام ئەوان بەرامبەر كەیسەكانی پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە بێدەنگن، ئەمەش مانای وایە كە قەڵەمەكەی خۆیان فرۆشتووە“.
خانمە چالاكوانێكی سلێمانی: خدر كەریم لە هەولێر ون بوایە هەزار سیناریۆیان دەهۆنیەوە
