دانیشتووانی چەند گوندێك رێگری لە دروستكردنی كارگەی ریسایكلین لە سۆران دەكەن

بە بیانووی ئەوەی كە شوێنی پڕۆژەكە زەوی و موڵکی خۆیانە، ژمارەیەك هاووڵاتی گوندەكانی سنوورەکە رێگری لە دروستكردنی كارگەی ریسایكلین لە شاری سۆران دەکەن. كاوە نەجیم، سەرۆكی شارەوانی سۆران، بە (باسنیوز)ی راگەیاند:”بە هاوكاری كۆمپانیایی پاپا گروپ دەستمان كردووە، بە دروستكردنی كارگەی ریسایكلین بۆ كۆكردنەوەی زبڵ و خاشاكی سنوورەكە و دووبارە بەكارهێنانەوەیان، بۆ ئەم مەبەستە رووبەرێكی بەرفراوانی زەوی تەرخانكراوە و كارە سەرەتاییەكانی پڕۆژەكە دەستی پێكردووە، بەڵام بەداخەوە ژمارەیەك هاووڵاتی گوندەكانی نزیك شوێنی كارگەكە بە بیانووی ئەوەی كە بە زەوی و مەڵكی خۆیانی دەزانن، ناڕازین و بەربەست لە بەردەم دروستكردنی پڕۆژەكە دروست دەكەن، كەچی هیچ بەڵگەیەكی فەرمی موڵكایەتییان نییە لەو شوێنەدا تەنیا دەكەوێتە سنووری گوندەكانیان”. گوتیشی: “ئەو شوێنەی دەستنیشان كراوە بۆ دروستكردنی كارگەكە، لە سەرووی خۆمان لە ئاست پارێزگا و وەزارەتەكان بووە، كە شەش شوێن لە سنووری سۆران دەست نیشان كراون بۆ كارگەی ریسایكلین دواجار ئەم شوێنە دیاریكراوە، نارەزاییەكانی ئەو كەسانە كە رێگری لە ئەنجامدانی پڕۆژەكە دەكەن، بەرزكراوەتەوە بۆ پارێزگا و وەزارەتەكان و چاوەڕوانی وەڵامی ئەوانین بۆ چارەسەركردنی كێشەكە و دەستكردنەوە بە پڕۆژەكە”. ئەوەشی ئاشكرا كرد، پڕۆژەی دروستكردنی كارگەی كارگەی ریسایكلین ل ەشاری سۆران، بە شێوەیەكە سەردەمیانە و پێشكەوتوو دەبێت و بە تەواوبوونی هەلی كار بۆ سەدان كەس دەڕخسێت كە كار لەم كارگەیە بكەن.