گوتەبێژی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنێت، ”لەم نزیکانە“ وادەی کۆبوونەوەی حزبەکەی لەگەڵ شاندی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ئاشکرا دەکرێت. مەحمود محەمەد، گوتەبێژی فەرمیی پارتی لە رێوڕەسمی پێشوازیکردن لە تەرمی بارزان مەلا خالید، رایگەیاند، گفتوگۆکانی پارتی و یەکێتی بۆ هێورکردنەوەی پەیوەندییەکان، بەردوامن. مەحمود محەمەد هەروەها رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکانی رابردوودا، گفتوگۆ لەبارەی رێککەوتنی پێشتری هەردوولا بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کراوە. گوتەبێژی فەرمیی پارتی بە ئاماژەکردن بەوەی رێککەوتنی پارتی و یەکێتی دەبێتە هۆی بەرقەراریی سیاسی و ئابووری لە هەرێمی کوردستان و چارەسەربوونی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، رایگەیاند، ”لەم نزیکانە“ وادەی و شوێنی کۆبوونەوەی داهاتووی پارتی و یەکێتی ئاشکرا دەکرێت.
مەحمود محەمەد: لەم نزیکانە وادەی کۆبوونەوەی داهاتوومان لەگەڵ یەکێتی ئاشکرا دەکەین
