پۆلیسی هەولێر رایدەگەیەنێت کە هەڵمەتێکی دەستگیرکردنی سواڵکەریان دەستپێکردووە و تاوەکو ئێستا ٦٨ سواڵکەر دەستگیر کراون و بەردەوامیش دەبن. لە راگەیەندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ئاماژەی بە ئەوە داوە کە بە فەرمانی بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر، بەشی پۆلیسی رێككاری، لەسەر شەقام و شوێنە گشتییەكان و ناو بازاڕ و ترافیكلایتەكان، هەڵمەتێكیان دەست پێكرد و ژمارەیەكی زۆر سواڵکەریان دەستگیر كرد. پۆلیسی هەولێر ئاشکراشی کردووە کە لەو هەڵمەتەدا ٦٨ سواڵکەر دەستگیرکراون كە لەو شوێنانە داوای پارە و خێریان لە خەڵک کردووە و ببوونە هۆی بێزارکردنی خەڵک. لە بەشێکی راگەیەندراوەکەدا هاتووە “سواڵکردن، دیاردەیەكی ناشیرینە و سیمای شار دەگۆڕێت، بۆیە پێویستە بنبڕ بكرێت، بۆ ئەو مەبەستەش هەڵمەتەكە لە سەرجەم شوێن و شەقامەكانی ناوشار و دەرەوەی شاریش بەردەوام دەبێت و هەموو سواڵکەرەکان بەپێی ماددەی (390) لە یاسای سزادان، لە زینداندا ڕاگیراون”.
پۆلیسی هەولێر هەڵمەتێکی دەستگیرکردنی سواڵکەری لە شەقام و شوێنە گشتییەکان دەستپێکرد
