دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٧ی ٨ی ٢٠٢٠، تەقینەوەیەك لە ناوەڕاستی شاری سەرێكانی لە ڕۆژئاوای كوردستان ڕووی دا و بەهۆیەوە ژمارەیەك قوربانی لێكەوتەوە. بەپێی ئەو زانیارییانەی (باسنیوز) لە سەرچاوە ناوخۆییەكانی شارەكەوە دەستی كەوتووە، ماتۆڕسكیلێك لە نێو بازاڕی شاری سەرێكانی تەقیوەتەوە و بەهۆیەوە لانی كەم، پێنج كەس بریندار بوون. تا ئێستا نازاندرێت تەقینەوەكە لە لایەن چ گرووپ و لایەنێكەوە ئەنجام درا. لە لایەكی دیكەوە ڕوانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ ژمارەی قوربانییەكانی تەقینەوەكەی ئەمڕۆی سەرێكانی بە دوو كوژراو و ١٠ بریندار راگەیاند. پێنجشەممەی هەفتەی رابردوو، ئەنجوومەنی ناوخۆیی سەر بە توركیا لە شاری سەرێكانی، هەڵپەساردنی كارەكانی بەهۆی دامەزراندنی بەڕێوەبەرێك لە سنووری شارەكە راگەیاند بەو پاساوەی كە كەسە دامەزراوەكە خەڵكی دەرەوەی شارەكەیە. دواتریش لە شەوی ڕابردوودا پێكدادان لە نێوان میلیشیاكانی (قەڵغانی حەسەكە) و عەشیرەتەكانی سەر بە میلیشیای (حەزات) ڕووی دا و بەهۆیەوە لە هەردوولا قوربانی هەبوو.
تەقینەوەیەك لە سەرێكانی ڕووی دا
