قایمقامی سلێمانی: لە چوارچێوەی ڕێکارەکان ھەموو کارئاسانییەک بۆ کۆمپانیاکانی بواری دەرمان دەکرێت

  قایمقامی سلێمانی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات، ئه‌گه‌ر کۆگا و دەرمانخانە و کۆمپانیایەکی بواری دەرمان پابەند نەبن بە مەرج و ڕێنوێنییه‌كانه‌وه‌، ڕووبەڕووی ڕێکاری یاسایی توند دەکرێنەوە. قایمقامیه‌تى سلێمانى ڕاگه‌یاندراوێكى له‌ په‌یجى فه‌رمیی خۆى، له‌ تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تیی (فه‌یسبووك) بڵاو كردووه‌ته‌وه‌، تێیدا ئاماژه‌ به‌وه‌ دراوه‌، ئەمڕۆ پێنجشەممە 27/8/2020 لە دیوانی قایمقامیەتی سلێمانی، بەسەرپەرشتی ئاوات محەمەد، قایمقامی سلێمانی و دکتۆر سەباح نەسرەدین، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی کۆبوونەوەیەکی فراوان لەگەڵ کۆگا و کۆمپانیاکانی بواری دەرمان دەربارەی پڕۆسەی ھێنان و ساغکردنەوەی دەرمان لە سنووری پارێزگای سلێمانی بەڕێوە چوو. ئاوات محەمەد، قایمقامی سلێمانی ڕای گەیاندووه‌: “مامەڵەکردن لەگەڵ دەرمان پرسێکی نیشتمانییە و پەیوەندیدارە بە ژیان و تەندروستیی ھاووڵاتییان، ھەر سەرپێچی و پابەندنەبوونێک زیانی گەورەی بۆ سەر تەندروستیی گشتی دەبێت، لەسەر ئەم بنەماییە ڕێگری لە ھەموو کارێکی نایاسایی دەکرێت، کە زیان بە تەندروستیی ھاووڵاتییان بگەیەنێت”. گوتیشی: “لە چوارچێوەی ڕێکارەکان، ھەموو کارئاسانییەک بۆ کۆمپانیاکانی بواری دەرمان دەکرێت”. لەلایەکی دیکەوە‌ بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی گوتى: “بەوردی کار لەسەر کەیسی دەرمان دەکەین و لە ھەوڵی چارەسەرکردنی ھەموو گرفت و کێشەکانی بواری دەرمانین لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی، لەکۆبوونەوەکەدا بڕیار درا ڕێکارەکان بەردەوام بن و لە داھاتوویەکی نزیکیشدا لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی کۆبوونەوەیەکی باڵا بکرێت بۆ چارەسەرکردنی بنەڕەتیی کێشە و گرفتەکانی بواری دەرمان لە سلێمانی”.