وەزارەتی خوێندنی باڵا ئه‌نجامى تاقیکردنەوەى خولەکانى توانستى زمانی ئینگلیزى ڕادەگەیەنێ

لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کردووە کە ئەمشەو ئەنجامى تاقیکردنەوەى خولەکانى توانستى زمانى ئینگلیزى لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان بۆ خوێندکارانی خوێندنی باڵا و خوازیارانى بەدەستهێنانى نازناوى زانستى ڕادەگەیەنرێت. لە راگەیەندراوێکی وەزارەتەکەدا د. محمد حوسێن سەرۆکى دەزگاى سەرپەرشتى و دڵنیایى جۆرى و سەرۆکی لیژنەی تایبەت بە پێداچوونەوە بە مەرج و ڕێنماییەکانی زمانی ئینگلیزی و ڕێکخستنەوەی کار و چالاکییەکانی سێنتەرەکانی زمان لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى رایگەیاندووە: “ئەمشەو پێنجشەممە ڕێکەوتى (٢٠٢٠/٨/٢٧) ئەنجامى تاقیکردنەوەکانى خولەکانى توانستى زمانى ئینگلیزى لە سەنتەرى زمانى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان بۆ خوێندکارانی خوێندنی باڵا و خوازیارانى بەدەستهێنانى نازناوى زانستى لەلایەن سێنتەرەکانەوە ڕادەگەیەنرێت”. ئاماژەی  بە ئەوەش داوە کە  لەسەر ڕاسپاردەی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی سەنتەرەکان ڕاسپێردراون کە بە خێرایی کاروبارەکان ڕابپەڕێنن بۆ ئەوەی بە زوترین کات ئەنجامەکان ڕابگەیەندرێت. راشیگەیاندووە: “ژمارەی بەشداربوان بۆ سەرجەم ئاستەکان لە سەرجەم سەنتەرەکان ( ٧١٦ ) بەشداربوو بووە، دواى دەرچوونى ئەنجامەکان بۆ ماوەى ٧٢ کاتژمێر کاندیدان و خوازیاران دەرفەتیان لە پێشە بۆ پەڵپ گرتن لە ئەنجامەکانیان تاکو کۆتایى دەوامى فەرمى ڕۆژى یەک شەممە ڕێکەوتى (٢٠٢٠/٨/٣٠) ئەمەش لەڕێگەی ئیمەیلی تایبەت بە سەنتەرەکان کە لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان دادەنرێت”. وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاماژەی بە ئەوەش داوە کە قوتابیانی خوێندنی باڵا و خوازیاران دەتوانن سەردانى  وێبسایتى سەنتەرەکانى زمان و وێب سایتى زانکۆکان بکەن بۆ وەرگرتنەوەى ئەنجامەکانیان.