وەزارەتی دەرەوەی توركیا هەڕەشە لە فەڕەنسا دەكات

بەهۆی ئەوەی چەند فڕۆكەیەكی جەنگیی فەڕەنسا لە باشووری قوبرس مانۆڕەی سەربازییان ئەنجام داوە، هەروەها هێزێكی زۆریشی لە دەوروبەری قوبرس كۆ كردووەتەوە، بۆیە وەزارەتی دەرەوەی توركیا لە راگەیاندراوێكدا هەڕەشە لە فەڕەنسا دەكات. ئەمڕۆ پێنجشەممە 2020.8.27 وەزارەتی دەرەوەی توركیا راگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە و تێیدا دەڵێت فەڕەنسا بە بیانووی راهێنان، فڕۆكەی جەنگیی لە قوبرس جێگیر کردووە، بۆیە هەر لایەنێك بیەوێت قوبرسی توركیا و توركیا لە دەریای سپی بخاتە دەرەوە، ئەنجامەكەی زۆر خراپ دەبێت. لە راگەیاندراوەكەی توركیادا هاتووە، هەر مانۆڕێكی سەربازی، یان هەر راهێنانێكی فڕۆكەی جەنگی لە قوبرس، مایەی قبوڵ كردن نییە و دژی رێككەوتنی ساڵی ١٩٦٠ دەبێت. هاوکات باسی لەوەش کردووە، كە هەر وڵاتێك بیەوێت لە دەریای سپی ناوەڕاست قوبرسی توركیا و توركیا بخاتە دەرەوە، ئەنجامەكەی زۆر قورس دەبێت و دەبێت قبووڵی بكەن. ئەم هەڕەشەیەی تورکیا لە فەڕەنسا لە کاتێکدایە کە ماوەیەکە تورکیا لە دەریای سپی بە چوار کەشتییەوە بەدوای غازی سروشتیدا دەگەڕێت و دوو هەفتە پێش ڕەجەب تەیب ئەردۆغان وەک موژدەیەک بە خەڵکی ڕاگەیاند کە لە دەریای سپی غازی سروشتییان دۆزیوەتەوە. ئەم کارەی تورکیا چەند وڵاتێکی ناوچەکە و لەوانە فەڕەنسای نیگەران کردووە بۆیە بە یارمەتیی چەند وڵاتێک چەندین فڕۆکەی جەنگیی لە قوبرس جیگیر کردووە و بەتەمای مانۆڕی سەربازین و هاوکات فەڕەنسا هۆشداریی بە تورکیا داوە کە نابێ بەتەنیا خۆی لە دەریای سپی بەدوای کانزا و غازی سروشتیدا بگەڕێت، بەڵکوو دەبێ بە رێککەوتن بیت.