ئەمڕۆ لە هەرێمی كوردستان ژمارەی چاكبوونەوە لە تووشبووانی كۆرۆنا زیاتر بوو

ئەمڕۆ هەینی له‌ هه‌رێمی كوردستاندا 26 كه‌سی تووشبووی پەتای كۆرۆنا گیانیان لەدەست دا، 458 كه‌سیش وەك تووشبووی نوێی پەتاكە تۆمار كران و 561 تووشبووش چاك بوونەوە.وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاماری 24 کاتژمێری رابردووی تایبەت بە پەتایی ڤایرۆسی کۆرۆنای بڵاو کردەوە، تیایدا دەركەوتووە ئەمڕۆ ژمارەی چاكبوونەوەی تووشبووان لە ژمارەی تووشبووانی تۆماركراو زیاتر بووە. لەمبارەیەوە له‌ راگه‌یه‌ندراوی رۆژانەی وەزارەتی تەندروستیدا هاتووە “له‌ 24 كاتژمێری رابردوودا چوار هه‌زار و 617 پشكنین كراون و له‌ كۆی ئه‌و پشكنینانه‌ ده‌ركه‌وتووه‌ 458 كه‌س تووشی كۆرۆنا بوون،‌ 208یان له‌ هه‌ولێر، 119یان له‌ دهۆك، 93 له‌ سلێمانی و 23یان له‌ گه‌رمیان بوون، 15شیان له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ بوون”. له‌ باره‌ی مردنیشه‌وه‌، له‌ ئاماره‌كه‌دا هاتووه‌ كە ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌ كۆرۆنا گیانیان له‌ده‌ست داوه‌ گه‌یشته‌ سه‌رووی هه‌زار كه‌س، دوای ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ 26 حاڵه‌تی دیكه‌ی مردن به‌و په‌تایه‌ تۆمار كران.