توێژینەوەیەکی نوێی بەریتانی، سەبارەت بە تووشبوونی منداڵان بە پهتاى کۆرۆنا، ئەنجامێکی مژدەبەخشی لێکەوتووەتەوە و دایک و باوکان لە دۆخی منداڵەکانیان دڵنیا دەکاتەوە، بەتایبەتی کە ساڵی نوێی خوێندن لە زۆربەی وڵاتانی جیهان دەست پێدەکاتەوە. بەگوێرەی ماڵپهڕى (سکای نیوز)ى بهریتانى، توێژینەوە بەریتانییەکە،د کە تا ئێستا گەورەترین توێژینەوەیە لەو بارەیەوە کرابێ، ئاماژە بەوە دەدات، ئەگەری مردنی منداڵان بە كۆرۆنا زۆر كهمه. توێژینەوەکە کە لە گۆڤارێکی پزیشکیی بەریتانیدا بڵاو کراوەتەوە، گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی، دەرکەوتنی نیشانەکانی کۆرۆنا لەسەر منداڵانی تووشبوو، یان مردنیان بەهۆیەوە، “زۆر دەگمەن و كهمه”. ئەو توێژەرانەی توێژینەوەکەیان ئامادە کردووە، دڵنیایی دەدەنە دایک و باوکان، سەبارەت بە ناردنی منداڵەکانیان لەم چەند رۆژەی داهاتوودا بۆ بەر خوێندن، چونکە زۆر لە دایک و باوکان ترسیان لە ناردنی منداڵەکان بۆ خوێندن ههیه. نموونەی تاقیکردنەوەیەک لە 651 منداڵ وەرگیراوە، کە لە ڕۆژى 17 کانوونی دووەمەوە تا 3ی تەممووز، لە 138 نەخۆشخانەی سەرتاسەری بەریتانیا خەوێندراون، تەنیا 18%یان بەهۆی حاڵەتە دژوارەکەیانەوە، پێویستیان بە چاودێریی چڕ بووە. توێژینەوەکە ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە، کە زۆرینەی ئەو منداڵانە لە بنەچەدا ئەفەریقی بوونە و تەمنیان لەنێوان 10 بۆ 14 ساڵیدا بووە و لە 651 منداڵ، کە بەهۆی کۆرۆناوە خرابوونە ژێر چاودێرییەوە، تەنیا 6یان مردوون. کالووم سمبل، مامۆستای تەندروستیی منداڵان و پسپۆر لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکان لە زانکۆی لیڤەرپوول دەڵێ: “نیشانە توندەکانی نەخۆشییەکە لەناو منداڵان زۆر دەگمەنە، هەروەها ئەگەری مردن لەناویاندا زۆر کەم و دەگمەنە”. دەشڵێ: “پێویستە دایک و باوکان دڵنیا بن لەوەی، منداڵەکانیان بەهۆی گەڕانەوەیان بۆ قوتابخانەکانیان، ڕاستەوخۆ تووشی زیان نابن”. توێژینەوەکە ئاشکرای کردووە، ئەو نیشانانەی پێیانەوە ناڵاندوویانە، ماندووبوون و ئازاری جومگەکان و هەوکردنی قورگ بووە، بەڵام حاڵاتی ترسناک و کوژەر نەبوونە. دکتۆرە ئۆلیفیا سوان، کە لە زانکۆی ئەدنبرە وانە سەبارەت بە نەخۆشییە گوازراوەکان لە منداڵان و نووسەری توێژینەوەکە، دەڵێ: “مەترسیی راستەخۆ لەسەر منداڵان لە بەریتانیا بۆ خەواندنیان لە نەخۆشخانەکان بەهۆی (کۆڤید- 19) ئێجگار کەمە”. هەروەها دەڵێ: “مەترسیی لە خستنەژێر چاودێریی چڕیان زۆر زۆر کەمترە، هەرچەندە هیچ شتێک نییە بەدەر بێ لە مەترسی، بەڵام بۆ من وەک دایکێک و وەک پزیشکێکی منداڵان و وەک توێژەر، ئەم داتا و دەرەنجامانە زۆر بە دڵنیاکەرەوە دەبینم”. داتاکان لە سەرانسەری بەریتانیا دەریدەخەن، کە 97%ی قوتابخانەکان، لە مانگی ئەیلوولی داهاتوودا، بۆ خوێندن و دەوامێکی تەواو، دەرگا بەڕووی قوتابییەکاندا دەکەنەوە.