دەستەی نەزاهە: ئیدارەی کەرکووک 58 ملیار دیناری دروستکردنی قوتابخانە بە هەدەر دەدات

دەستەی نەزاهە (دەستپاکی)ی عێراقی بە هەدەردانی نزیکەی 58 ملیار دینار لە کەرکووک ئاشکرا دەکات، کە بۆ دروستکردنی قوتابخانە تەرخان کراوە. بەپێی بەیاننامەیەکی دەستەی نەزاهەی عێراقی، ئیدارەی کەرکووک گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیایەکی بیانی بۆ دروستکردنی 25 قوتابخانە بە بەهای 57 ملیار و 894 ملیۆن دینار واژۆ کردووە. هەروەک دەستەی نەزاهە رایگەیاندووە، کۆمپانیاکە دەستکاریی نەخشەسازی و زەویی تەرخانکراو بۆ قوتابخانەکانی کردووە و لە 25 قوتابخانەشەوە کردوویەتی بە 18 قوتابخانە. لە بەیاننامەکەدا، دەستەی نەزاهە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە تیمێکی فەرمانگەی لێکۆڵینەوەی دەستەکە سەردانی پارێزگای کەرکووکی کردووە و ئەو گەندەڵی و بەهەدەردانەی سامانی وڵاتی ئاشکرا کردووە. ئیدارەی کەرکووک لەلایەن راکان جبوری، کە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی وەک پارێزگار بەسەر شارەکەیاندا سەپاندووە، بەڕێوە دەبرێت و پێشتریش دەستەی نەزاهە بە چەندین گەندەڵی تۆمەتباری کردووە.