پارتی دیموکراتی گەلان (HDP) بڕیاری داوە بەهۆی ئەو زوڵم و زۆری حکوومەتی و دانانی قەیووم لە جێی سەرۆک شارەوانییەکان و دەستگیركردنی ئەندامەکانیان لە سەرەتای مانگی ئەیلوول و لە ڕۆژی جیهانیی ئاشتیدا، لە چەند شارێكی توركیا ڕێپێوان ئەنجام بدات. لە مانگی ٦ی ئەمساڵدا هەدەپە لە سێ شوێنی توركیا، واتە ئەنقەرە و دوو شاری باکووری کوردستان (هەکاری و ئامەد) ڕێپێوانی ئەنجام دا، بەڵام بەهۆی ئەوەی حكوومەتی توركیا رەخنەی لەو رێپێوانە گرت، هۆكارەكەشی بوونی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوو و گوتیان نابێت قەرەباڵغی دروست ببێت، بۆیە رێپێوانەكە ئەنجامی باشی نەبوو. بە گوێرەی هەندێ زانیاری کە ئاژانسی (BBC) بڵاوی كردووەتەوە، هەدەپە پلانی داناوە لە ١ی ئەیلوولدا كە هاوكاتە لەگەڵ رۆژی جیهانیی ئاشتی، رێپێوان لە چەند شارێكی توركیا ڕێک بخات، ئەمەش وەك ناڕەزاییەتییەكە دژی دەستگیركردنی ئەندامانی و لە كار لادانی سەرۆكی شارەوانییەكانی سەر بە هەدەپەیە. ئەو شارانەی کە هەدەپە بڕیارە لە سەرەتای مانگی ئەیلوولدا رێپێوانییان تێدا بكات ئەمانەن (وان، ئامەد، ئەدەنا، روحا، ئەنقەرە، ئیزمیر، ئیستانبۆڵ و ئەنتاڵیا) چاوەڕوانیش دەكرێت هەر یەك لە (مەدحەت سینجار و پەروین بوڵدان) هاوسەرۆكانی هەدەپە بەشداریی ئەو رێپێوانانە بن. بە گوێرەی زانیارییەكان، بەهۆی بوونی ڤایرۆسی كۆرۆنا، هەدەپە لەو رێپێوانەدا هیچ میتینگێك ئەنجام نادات و رێنمایی تەندروستیش جێبەجێ دەكەن. لە ڕاپۆرتەکەی (BBC)دا باس لەوەش کراوە هەدەپە ستراتیژییەتی كاری سیاسی دەگۆڕێت و ئیدی دەچێتە ناو خەڵك و بۆچوونی ئەوان وەردەگرێت. لەلایەكی ترەوە هەدەپە، گفتوگۆ لەبارەی پێشنیارەكەی سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە دەكەن، كە داوای كردبوو هەدەپە بچێتە ناو هاوپەیمانییەتێكی دیموكراتییانە، هەروەها پشتگیری لە سیستەمی پەرلەمانی بكەن. تاكوو ئێستاش دیاری نییە، ئاخۆ هەدەپە وەكوو هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ٣١ مارتی ٢٠١٩، پشتگیری لە هاوپەیمانیی (میللەت) دەكات یان نا؟
سەرەتای مانگی ئەیلوول هەدەپە دەست بە خۆپیشاندان دەکات
