كۆچ و كۆچبەرانی سۆران: زیاتر لە سێ‌ ساڵە حكوومەتی عێراق هیچ هاوكارییەكی ئاوارەكانی نەكردووە

تا ئێستاش بە سەدان خێزانی ئاوارەی شارو شارۆچكە و ناوچەكانی عێراق لە دەڤەری سۆران ماون و بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانیش نیگەرانە کە حكوومەتی عێراق زیاتر لە سێ ساڵە هیچ هاوكارییەکی ئەم ئاوارانە ناكات. عەباس ئەمیر، بەڕێوەبەری كۆچ و كۆچبەرانی سۆران، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: “دوای شەڕی داعش و دروستبوونی ئاڵۆزییەكانی لە شار و شارۆچكەكانی عێراق، بە هەزاران خێزان ئاوارەی سنوورەكەمان بوون، لەوانە بەشێكی زۆریان گەڕاونەتەوە بۆ ناوچەكانیان، بەڵام  تا ئێستاش زیاتر لە 300 خێزانی عەرەب و شارەكانی عێراق، لە سنووری سۆران ماون و نەگەڕاونەتەوە”. بەڕێوەبەری كۆچ و كۆچبەرانی سۆران، نیگەرانیی خۆشی دەربڕی لەوەی كە زیاتر لە سێ‌ ساڵە حكوومەتی عێراق، هیچ چەشنە هاوكارییەکی پێشكەش بە ئاوارەکانی سنوورەكەمان نەكردووە، تەنانەت نەوتیشی پێ نەداون، ئەوەش ئەركی حكوومەتی هەرێمی قورستر كردووە”. ئاماژەی بەوش دا: “كە دەزگای خێرخوازی بارزانی بووەتە جێگرەوەی حكوومەتی عێراق و ڕێكخراوە نێوەدەوڵەتییەكان كە بە شێوەیەكی بەردەوام هاوكاری پێشكەش بە ئاوارەكانی سنوورەكەمان دەكات”.