له‌ هه‌ولێر هەڵمەتی سێیەمی دەستگیرکردنی سواڵكه‌ره‌كان به‌ڕێوه‌ چوو

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی پۆلیسى پارێزگاى هه‌ولێر، له‌ ڕاگه‌یاندراوێكدا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات، له‌ هه‌ولێر هەڵمەتی سێیەمی دەستگیرکردنی سواڵكه‌ره‌كان به‌ڕێوه‌ چوو. ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 29/8/2020، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی پۆلیسى پارێزگاى هه‌ولێر، ڕاگه‌یاندراوێكى له‌ په‌یجى فه‌رمیی خۆى، له‌ تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تیی (فه‌یسبووك) بڵاو كرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌: “بەشی پۆلیسی ڕێكاری، لەسەر شەقام، شوێنە گشتییەكان، ناو بازاڕ و ترافیكلایتەكان، هەڵمەتی سێیەمی دەستگیرکردنی سواڵكه‌ره‌كانیان دەست پێكرد”. باس له‌وه‌ش كراوه‌: “له‌ هه‌ڵمه‌ته‌كه‌دا ژمارەیەكی زۆر سواڵكه‌ریان دەستگیر كرد، كە لەو شوێنانە داوای پارە و خێریان لە خەڵک دەكرد و ببوونە مایەی بێزاری بۆ هاووڵاتییان، بەشێکی زۆریشیان بۆ ڕاکێشانی سەرنجی خەڵک، منداڵەکانیان لەسەر عارەبانە دادەنێن تا هاووڵاتییان به‌زه‌ییان پێیاندا بێته‌وه‌ و خێریان پێ بکەن، لە کاتێکدا کە منداڵەکانیان هیچ کێشەیەکی تەندروستییان نییە، هەر کە پۆلیسیش دەبینن، عارەبانەکان جێ دەهێڵن و ڕادەکەن”. پۆلیس هه‌ولێر دووپاتی دەكاتەوە، دیاردەی سواڵكردن، دیاردەیەكی ناشیرینە و سیمای شار دەگۆڕێت، بۆیە پێویستە بنبڕ بكرێت، بۆ ئەو مەبەستەش هەڵمەتەكە لە سەرجەم شوێن و شەقامەكانی ناو شار و دەرەوەی شاریش بەردەوام دەبێت. له‌ ڕاگه‌یاندراوه‌كه‌دا ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ ڕوو، هەموو سواڵكه‌ره‌كان بەپێی ماددەى 390 لە یاسای سزادان، لە زینداندا ڕاگیراون.