لە كەركووك ئاگر لە باڵەخانەیەك كەوتەوە

شەوی رابردووو لە بازاڕێکی شاری كەركووك ئاگر لە باڵەخانەیەك كەوتەوە و بەهۆیەوە زیانی ماددی گەیشتە زیاتر لە 15 دووكان و بە دەیان بتڵە غازیش تەقینەوە. لەمبارەوە ئەمڕۆ شەممە 29/8/2020، قەیس عەبدولڕەزاق، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی كەركووك، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “درەنگانی شەوی رابردوو، بە هۆكارێكی نادیار ئاگر لە باڵەخانەیەك لە بازاڕی “ئەحمەد ئاغا”ی شاری كەركووك كەوتەوە و ئەو باڵەخانەیە بە دەیان بتڵە غاز و سپلیتی تێدا بووە و دووكانەكان زیانیانی مادییان پێ گەیشتووە، بەڵام هەر زوو تیمەكانی ئاگركوژینەوەی گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەكە و ڕێگەیان نەدا ئاگرەكە زۆر تەشەنە بكات، هەروەها ژێرزەمینی باڵەخانەكەش بسووتێت”. گوتیشی، كاتژمێر 3ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە ئاگرەكە بەتەواوەتی كۆنترۆڵ كراوە، بەڵام لەكاتی كوژاندنەوەی ئاگرەكەدا ئەفسەرێكی ئاگركوژێنەوە بە بۆنی دوكەڵەكە، رەوشی تەندروستی تێك چووە و دواتر گەیەندرایە نەخۆشخانە.