تورکیا لە دوێنێ شەممەوە وێڕای نیگەرانیی قوبرس، یۆنان و یەکێتیی ئەورووپا مانۆڕێکی سەربازیی لە ناوچەی ئاڵۆزی ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی دەست پێ کردووە و دەگوترێت مانۆڕەکە یەک هەفتە دەخایەنێت. ئەم مانۆڕەی تورکیا لە کاتێکدایە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا وڵاتانی تورکیا، یۆنان، قوبرس، ئیتالیا و فەڕەنساش لە ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی مانۆڕێکی سەربازییان بەڕێوە برد کە سێ ڕۆژی خایاند. وەزارەتی بەرگریی تورکیا دوێنێ شەممە 2020.8.29 بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک ئاشکرای کردووە هۆشداریی بە چوار فڕۆکەی جەنگیی F16 ی سەر بە هێزی ئاسمانیی یۆنان داوە کە بەتەما بوون لە ناوچەی مانۆڕی سەربازیی تورکیا نزیک ببنەوە. لە بەرامبەریشدا یۆنان و قوبرس سوپای تورکیایان بەوە تۆمەتبار کردووە کە بە فڕۆکەی جەنگییەوە ئۆپەراسیۆنی هاندەرانەی ئەنجام داوە. بەرپرسانی یۆنان دەڵێن ڕۆژی هەینی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا هاتوونەتە ناوچەی فڕینی “ئەسینا”وە و بەپێی ڕاپۆرتەکان فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا کاتێک چوونەتە ناو ناوچەی پارێزراوی یۆنانەوە کە چوار فڕۆکەی F16ی یۆنان چاودێریی بۆمبهاوێژێکی (B52)یان کردووە و ئەو کارەی تورکیایان بە هەوڵێکی “هاندەرانە و ئاژاوەگێڕانە” لەقەڵەم داوە. لە بەرانبەریشدا وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئاشکرای کردووە کە فڕۆکە جەنگییەکانی یۆنان لە کەشتیی (سەرکەوتنی سەرۆک) نزیک بوونەتەوە، بەڵام فرۆکە جەنگییەکانی تورکیا دژکردەوەیان نیشان داوە و فڕۆکەکانی یۆنان ناچار بوون ئاراستەیان بگۆڕن. کەشتیی (سەرکەوتنی سەرۆک)ی تورکیا لەگەڵ سێ کەشتیی دیکە لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا لە ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی بەدوای دۆزینەوەی غازی سروشتیدا دەگەڕێن و ئەمەش بووەتە هۆی ناڕەزایی و نیگەرانیی یۆنان و قوبرس، فەڕەنسا و چەند وڵاتێکی دیکەی ئەورووپی و هەر بەم بۆنەوە گرژی و ئاڵۆزی لە ناوچەکە دروست بووە.