دوو مووشەك ئاراستەی فڕۆكەخانەی بەغدا كران

ئەمشەوی یەكشەممە دوو مووشەكی كاتیۆشا ئاراستەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدای پایتەختی فیدراڵی كران. میدیاكانی عێراق بڵاویان كردەوە هەردوو مووشەكەكە لە ناوچەیەكی دەوروبەری فڕۆكەخانەكە كەوتوونەتە خوارەوە و جارێ هیچ زانیارییەك لەبارەی زیانەكان نەزاندراون. لەمبارەیەوە شانەی راگەیاندنی ئاسایشی عێراقیش ئاماژەی بەوە داوە كە دوو مووشەكەكە لە دەرەوەی فڕۆكەخانەكە كەوتوونەتە خوارەوە و لێكۆڵینەوەش دەستی پێكردووە داخۆ مووشەكەكان لە كوێوە هەڵدراون. جێی باسە چەند مانگێكە بە شێوەی نیمچە بەردەوام شەوانە هێرشی مووشەكی دەكرێتە سەر ناوچە هەستیارەكانی بەغدا وەكو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی و ناوچەی سەوزی بەرپرسنشینی شارەكە.