ڕێوڕەسمی واژۆی ڕێککەوتنی ئیسرائیل و ئیمارات لە واشنتۆن بەڕێوە دەچێت

گوتەبێژی نووسینگەی بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاشکرای کردووە بڕیارە ناوەڕاستی مانگی داهاتووی زایینی (سیپتەمبەر) ڕێوڕەسمی واژۆی ڕێککەوتنی  نێوان ئیسرائیل و ئیمارات لە واشنتۆن بەڕێوە بچێت. ڕێککەوتن بۆ ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئیمارات کە ماوەی مانگێکە دەستی پێ کردووە، بووەتە یەکێک لە ڕۆژەڤە گرنگەکانی وڵاتانی عەرەب و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بۆ ئەو مەبەستە بڕیارە سبەی دووشەممە شاندێکی باڵای ئیسرائیل و ئەمریکا سەردانی ئیمارات بکەن. ماڵپەڕی (DW) لەمبارەوە بڵاوی کردووەتەوە کە هەردوو وڵاتی ئیسرائیل و ئیمارات بە چڕی خەریکن ئامادەکاری بۆ بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی واژۆی کۆتایی ڕێککەوتنەکەی نێوانیان دەکەن کە بڕیارە مانگی داهاتوو بە بەشداریی دۆناڵد ترەمپ لە واشنتۆن بەڕێوە بچێت. بۆ ئامادەکارییەکانی ئەو ڕێوڕەسمە ئەمڕۆ جێرد کۆشنەر، زاوا و ڕاوێژکاری دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ شاندێکی باڵای دیپلۆماتیک گەیشتووەتە ئیسرائیل و بڕیارە لەگەڵ شاندێکی ئیسرائیل سبەی دووشەممە سەردانی ئیمارات بکەن و یەکێک لە تەوەری گفتوگۆکان، دیاریکردنی کاتی ڕێککەوتنی مێژوویی نێوان ئیسرائیل و ئیماراتە کە بە ڕێککەوتنی (ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان) ناسراوە.