ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان دوو بڕیار بۆ هاووڵاتیان دەردەكات

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، دوو بڕیار لە بەرژەوەندیی قەرزێكی سەر هاووڵاتیان دەدات و ماوەی جێبەجێكردنی بڕیارێكیش درێژ دەكاتەوە. بەپێی نووسراوێكی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كە لە 30ی 8ی 2020 دەرچووە، كۆپییەكی دەست (باسنیوز) گەیشتووە، ئاماژە بە دوو رەزامەندی كراوە بۆ بەرژەوەندیی هاووڵاتیان. ئەو نووسراوە كە بۆ وەزارەتی دارایی رەوانە كراوە، تیایدا ئەوە خراوەتە ڕوو: “لێخۆشبوون بە رێژەی 15% لە قەرزی پێشینە (غەرامە)ی  قەرزی نیشتەجێكردن دەگەڕێتەوە، بەو مەرجەی هەموو قەرزە كەڵەكەبووەكان تاوەكوو 1ی 11ی 2020 بگەڕێندرێتەوە”. هەروەها ئەنجوومەنی وەزیران، بڕیاری ئەوەشی داوە، لێخۆشبوون بە رێژەی  15% لە گەڕانەوەی سەرجەم قەرزەكانی (پێشینەی خانووبەرە و پێشینەی هاوسەرگیری و قەرزی بچووک)، درێژ دەكرێتەوە تا 1ی 11ی 2020 . پێشووتر بڕیارەكە تاوەكوو 1ی 9ی 2020 بوو. یەكێك لە بڕیارەكانی كۆبوونەوەی رۆژی 5ی 5ی 2020ی ئەنجوومەنی  وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بریتیبوو لەوەی ڕێژەی 15% داشکان بكرێت لەو پێشینانەی حکوومەت کە لەلای هاووڵاتییانە لە (پێشینەی خانووبەرە و پێشینەی هاوسەرگیری و قەرزی بچووک)، بە مەرجێک هاووڵاتییان ئامادە بن تەواوی بڕی پێشینەکان بگەڕێننەوە بۆ حکوومەت. لەمبارەیەوە فۆڵگە جەودەت نادر، بەڕێوەبەری بانكی خانووبەرەی نیشتەجێكردنی هەولێر بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “قەرزی سندووقی نیشتەجێبوونيش بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران  لێخۆشبوونی 15% دەیگرێتەوە، هەروەها تاوەكوو 1ی 11ی 2020ی دەرفەت هەیە بۆ گەڕاندنەوەی قەرزەكان”. ئەوەشی خستە ڕوو: “خەڵكێكی زۆر ئامادەن هەموو قەرزەكانی سندووقی نیشتەجێبوون بە یەكجاری بدەنەوە، بۆیە بڕیارەكە بۆ خەڵكی و بۆ حكوومەتیش باشە”. لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا زیاتر لە 10 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون لەلایەن كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەتەوە دروست كراون‌ و لەلایەن حكوومەتیشەوە 30% بۆ 50%ی نرخی ئەو یەكانە وەكوو قەرز دراوە بە هاووڵاتییان، كە دەبێت لە ماوەی 10 ساڵدا ‌و بە قیستی مانگانە بیدەنەوە بە حكوومەت. هەر یەكێك لەوانەی 30 ملیۆن دینار قەرزیان وەرگرتووە، قیستی مانگانەیان 250 هەزار دینارە، ئەوانەیشی 18 ملیۆن دیناریان وەرگرتووە، مانگانەیان 150 هەزار دینار دەگەڕێننەوە. بەڕێوەبەری بانكی خانووبەرەی نیشتەجێكردن دووپاتی كردەوە، بە هەزاران هاووڵاتی لە قەرزی سندووقی نیشتەجێبوون سوودمەند بوون.