سەرۆكی شاندێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا، ئاشکرای كرد، كۆتایی مانگی ئەیلوول، كارە ستراتیژییەكانی بودجەی سێ ساڵی داهاتووی عێراق كۆتاییان دێت. زاگرۆس فەتاح، بریكاری وەزارەتی پلاندانانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە ئێستا بە سەرۆكایەتیی شاندێك لە بەغدای پایتەختی عێراقە، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “لێژنەیەكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدان بۆ بەشداریكردن لە كۆبوونەوەكانی لێژنەی باڵای دانان و رێكخستنی بنەما ستراتیژییەكانی بودجەی عێراق بۆ ماوەی ساڵانی ٢٠٢١، ٢٠٢٢ و ٢٠٢٣”. ڕوونیشی كردەوە كە مەبەستی ئەم سەردانە، دانانی بنەمایەكی ستراتیژییە بۆ بودجەی گشتیی عێراق، لە نێویشیاندا بودجە و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان و وەگەڕخستنەوەی پڕۆژەی چاكسازیی كارگێڕی و دارایی لە عێراق. بە گوتەی زاگرۆس فەتاح، “گرنگیی ئەم لێژنە هاوبەشە لەوەدایە كە خەمڵاندن بۆ بودجەی سێ ساڵی داهاتووی عێراقی فیدراڵ دەكرێت و بنەمای خواست و پێویستییەكانی سێكتەرەكان دەستنیشان دەكرێت، هەروەها ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستانیشی تێدا دەچەسپێنرێت”. ئەوەشی ئاشكرا كرد كە بەشداریكردنی هەرێمی كوردستان لەم لێژنەیە دوای ئەوە دێت كە وەزارەتی دارایی عیراق، لەسەر بنەمای یاسای دارایی وڵاتەكە، دەبێت بودجەی سێ ساڵ ئامادە بكات، لەم چوارچێوەیەشدا بانگهێشتی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ بەشداریكردن لە دانانی بنەما ستراتیژییەكانی بودجەی عێراق و هەرێمی كوردستان. سەرۆكی شاندەكەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا ئاماژەشی بەوە كرد كە ئەمڕۆ دووشەممە ٣١ی ٨ی ٢٠٢٠، كۆبوونەوەكان بە بەشداریی شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەست پێدەكەن و بڕیارە كۆتایی مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ كارەكانیان كۆتایی بێت.
بڕیار لهسهر بودجه و مووچەی سێ ساڵی داهاتووی عێراق و هەرێمی کوردستان دهدرێ
