سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پڕۆژەی جووتسایدی (ھەولێر – دھۆک)ی بەسەر کردەوە

  سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، سەردانی پڕۆژەی جووتسایدی (ھەولێر – دھۆک)ی کرد و لەنزیکەوە پڕۆژەکەی بەسەر کردەوە. ئەمڕۆ دووشەممە 31/8/2020، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، پڕۆژەی دروستکردن و قیڕتاوکردنی جووتسایدی (ھەولێر – دھۆک)ی بەسەر کردەوە. ڕۆژی یەکشەممە 30/8/2020، ماڵپەڕی فەرمیی پارێزگای ھەولێر بڵاوی کردەوە کە تیمەکانی کارکردن ھەوڵەکانیان چڕ کردووەتەوە بۆ ئەوەی کۆتایی ئەمساڵ ڕێگای ھەولێر – دھۆک تەواو بکرێت کە ڕێگاکە کراوەتە دوو بەش، بەشی یەکەم لە شەقامی 120 مەتری تا دەگاتە ئۆڤەرپاسی گەزنە، کە قۆناغێکە و لەلایەن وەزارەتی شارەوانییەوە سەرپەرشتی دەکرێت، بەشی دووەمیش لە ئۆڤەرپاسی گەزنەوە بۆ گوندی چەمە، کە لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە سەرپەرشتی دەکرێت. جەختیش کرایەوە کە تا کۆتایی ئەمساڵ، بڕیارە ھەردوو سایدی ڕێگاکە تەواو بکرێت و بکەوێتە خزمەت ھاووڵاتییان کە لە سەنتەری شاری ھەولێرەوە تا پردی گۆپاڵە 38 کیلۆمەترە و بەشێوەیەکی پێشکەوتوو دروست دەکرێت. لەمبارەیەوە مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگاری ھەولێر رای گەیاندووە، بە تەواوبوونی ڕێگاکە، ھەولێر زیاتر دەبووژێتەوە، لەبەر ئەوەی ئۆتۆبانێکی نێودەوڵەتییە و ھەولێر بۆ دھۆک و دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراھیم خەلیل زۆر نزیک دەکاتەوە، ئەوەش کاریگەریی خۆی دەبێت لەسەر ڕەوتی ھاتوچۆ، بە تایبەتی بۆ شارێکی وەک ھەولێر کە پایتەختی ھەرێمی کوردستانە.