لاڤرۆڤ: ئامادەین نێوەندگیری لەنێوان ئەمریکا و ئێراندا بکەین

وەزیری دەرەوەی کۆماری رووسیای فیدراڵ ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ نێوەندگری لەنێوان ئەمریکا و ئێراندا، رادەگەیەنێت. ئەمڕۆ سێشەممە 1-9-2020، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا لە وتارێکدا لە زانکۆی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە مۆسکۆ، رایگەیاندووە، رووسیا ئامادەیە بۆ فەراهەمکردنی کەشێکی لەبار بۆ دانوستاندنی ئەمریکا و ئێران. سێرگی لاڤرۆڤ هەروەها رایگەیاندووە، کە باشترە لایەنە ناکۆکان راستەوخۆ لەگەڵ یەکتر دابنیشن و داواکارییەکانیان بخەنە روو و گوتویەتی، ”ئەگەر هەردوو لا بیانەوێ، ئامادەین نێوەندگیری لەنێوان ئەمریکا و ئێراندا بکەین“. ئەمریکا پێیوایە ئێران هۆکاری ناسەقامگیریی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و پاڵپشتیی گرووپە تیرۆریستییەکان دەکات و ئێرانیش ئەمریکا بە ”شەیتانی گەورە“ ناودەبات و پێیوایە ئەو وڵاتە هۆکاری ناسەقامگیریی ناوچەکەیە.