گوتەبێژی یەكێك لە لیژنەكانی پەرلەمانی یەكێتیی ئەورووپا، وەكوو هەڕەشەیەك بۆ توركیا دەڵێت بە بەكارهێنانی كارتی فشار توركیا ناچار دەكەین لەبارەی دەریای سپی رێككەوتن لەگەڵ یۆنان بکات. گوتەبێژی یەكێك لە لیژنەكانی پەرلەمانی ئەورووپا، قسەی بۆ ئاژانسی (رۆیتەرز) كردووە و نەیویستووە ناوی خۆی ئاشكرا بكات، دەڵێت ئەنقەرە پێویستە لە رێگەی دیالۆگەوە كێشەی دەریای سپیی ناوەڕاست چارەسەر بكات، بە پێچەوانەوە توركیا ناچار دەكەین پاشگەز ببێتەوە. ئەو گوتەبێژە ئاماژەی بەوەش کردووە: “رەنگە یەكێتیی ئەورووپا بۆ رازیكردنی توركیا و پاشگەزبوونەوەی لە گەڕان بە دوای گازی سروشتی لە دەریای سپی، ئەو بڕە پارەیەی وەكوو هاوكاری بۆ ئاوارەكان دەدرێتە توركیا زیاد بكرێت. گەر توركیا مل بۆ ئەو داواكارییانەی ئەورووپا نەدات، ئەوكات سزاكان بۆ سەر توركیا ئامادەن”. لەمبارەوە كریستۆفێر بورگەر گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا، لە پرێس کۆنفرانسێکدا ئاماژەی بەوە داوە ئەوان لە نێوان یۆنان و توركیا لەبارەی دەریای سپی ناوەڕاست نێوەندگیرییان کردووە و ئەو نێوەنگیرییەش بەردەوام دەبێت تا چەند هەفتەیەكیتر.