رۆژنامەیەکی ئەڵمانی: فەرماندەکانی تورکیا داوایەکی ئەردۆغانیان بۆ شەڕ رەت کردووەتەوە

رۆژنامەیەکی ئەڵمانی ئاشکرای دەکات، کە فەرماندەکانی سوپای تورکیا داوایەکی سەرکۆماری وڵاتەکەیان بۆ شەڕ لە دژی وڵاتێکی ئەوروپی، رەت کردووەتەوە. رۆژنامەی (دی فێڵت)ی ئەڵمانی لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە، کە رەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرکۆماری تورکیا بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی جەماوەریی خۆی لە ناوخۆدا، داوای لە فەرماندە باڵاکانی سوپای وڵاتەکەی کردووە، کەشتییەکی یۆنانی بتەقێنێتەوە. رۆژنامە ئەڵمانییەکە لە راپۆرتەکەیدا، هەروەک (سکای نیوز) ناوەڕۆکەکەی بڵاو کردووەتەوە، ئاماژەی بەوە کردووە، کە رەجەب تەییب ئەردۆغان داوای کردووە سوپا تەنیا کەشتییەک بتەقێنێتەوە و هیچ سەرباز و هاووڵاتییەکی یۆنانی نەبنە قوربانی. لە کۆبوونەوەکەدا، فەرماندە باڵاکان ئەو داوایەی ئەردۆغانیان رەت کردووەتەوە، بەڵام یەکێک لە فەرماندەکان پێشنیازی کردووە فڕۆکەیەکی جەنگیی یۆنانی بەشێوەیەک بخرێتە خوارەوە، کە فڕۆکەوانەکە بتوانێ خۆی رزگار بکات، کەچی فەرماندەکانی دیکە ئەو پێشنیازەشیا رەت کردووەتەوە.