زانیارییەک لەبارەی تەندروستیی ترەمپ و سەرۆکایەتییەکەی بڵاو دەبێتەوە

زانیارییەک لەبارەی تەندروستیی سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆکایەتییەکەی، بڵاو دەبێتەوە. مایکڵ شمیدت، رۆژنامەنووس وتارێکی لە رۆژنامەی (نیویۆرک تایمز)ی ئەمریکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاشکرای کردووە، کە لە مانگی 11ـی 2019 چەند جەڵتەیەک لە دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکایان داوە. دۆناڵد ترەم لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر)، ئەو هەواڵەی رەت کردووەتەوە و رایگەیاندووە، کە جەڵتە لێی نەداوە. میدیا ئەمریکییەکان باس لەوە دەکەن، کە مایک پێنس، جێگری ترەمپ لەو کاتەدا ئامادەکرابوو بۆ جێگرتنەوەی ترەمپ و سەرۆکایەتیی ئەمریکا، ئەگەر ترەمپ کۆچی دوایی کرد یان بارودۆخی تەندروستی خراپتر بوو. مایک پێنج لە وەڵامێکدا بۆ ئەو هەواڵانە، بە کەناڵی (فۆکس نیوز)ی ئەمریکی، رایگەیاندووە، ”هیچ رووداوێکی ناسروشتیی ئەو رۆژەم لەبیر نییە، تەنیا بە منیان گوت سەرۆک سەردانی پزیشکی کردووە“. دۆناڵد ترەمپ، سەرمایەدارێکی ئەمریکییە، لە ساڵی 1946 لە نیویۆرک لەدایک بووە. خێزانەکەی بە بازرگانیی خانوبەرە بەناوبانگ بوون و خۆیشی چەندین کۆمپانیای خانوبەرەی هەیە. ترەمپ لەسەر لیستی پارتی کۆماریخوازی ئەمریکا لە ساڵی 2016 خۆی بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا کاندید کرد و بووە سەرۆکی ژمارە 45ـی ئەو وڵاتە و بە نیازیشە بەشداریی هەڵبژاردنی ئەمساڵ (2020) بکات و خولێکی دیکە سەرۆکایەتیی وڵاتەکەی بکاتەوە.