لە ھەولێر تۆمەتبارێک دەستگیر کرا

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای ھەولێر، لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، لە ھەولێر تۆمەتبارێک دەستگیر کراوە. ئەمڕۆ چوارشەممە 2/9/2020، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای ھەولێر، ڕاگەیاندراوێکی لە پەیجی فەرمیی خۆی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاو کردەوە، تێیدا ھاتووە: “بەشی پۆلیسی نەھێشتنی تاوان، نووسینگەی (باشوور) پاش کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر تۆمەتبارێک کە فەرمانی دەستگیرکردنی ھەبوو بەپێی ماددە 446 بە دەلالەتەکانی (47 و 48 و 49)، بەتۆمەتی دزینی ماتۆرسکیل و بەکارھێنانی ماددەی ھۆشبەر و تەقەکردن لەنێو شەقام، دوای پێنج کاتژمێر چاودێریکردن، توانرا تۆمەتبارەکە بە ناوی (ڕ.خ.و) دەستگیر بکرێت”. ئەوەش خراوەتە ڕوو: “لە کاتی دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکەدا، کەرەستەی بەکارھێنانی ماددەی ھۆشبەر و دەمانچەیەکی جۆری میکارۆف و کلاشینکۆفک و چەکێکی دیکە لە جۆری (جێرسە) و چەقۆیەک لە ماڵەکەیدا دەستیان بەسەردا گیرا”. پۆلیسی ھەولێر باسی لەوەش کردووە، تۆمەتبار ئامادەی بەردەم دادوەر کرا، دانی بەتاوانەکانیدا نا، دادوەریش بڕیاری دا بە بەندکردنی تۆمەتبار بەپێی ماددەی 446 لە یاسای سزادان.